"پێشمەرگە چاوی بڕیوەتە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی
(شوان حوسێن)، یەكێك لەو پێشمەرگانەی ماوەی سێ ساڵە لە بەرەكانی جەنگ دژی تیرۆریستانی داعش دەجەنگێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "كاتێك بووم بە پێشمەرگە، تەمەنم زۆر کەم بوو، لەو ساتەوە خەون بەوەوە دەبینم، کە ئەوەی بۆی دەجەنگم و خەباتی بۆ دەكەم مافی ڕەوای میللەتی خۆمە. ئێستا پرسیار لە هەرتاكێكی نێو كۆمەڵگەی كوردستان بكەی، بەبێ دوودڵی داوای دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكات، لەبەر ئەوە هەموو خەبات و قوربانیدانی ئێمەش، وەك هێزی پێشمەرگە، بۆ بەدەستهێنانی مافی سەربەخۆیییە. ئێستا دەڵێن شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ دانوستان دەچێتەوە بەغدا، بەڵام ئێمەی پێشمەرگە باش بەغدا دەناسین، بۆیە بە چوونی هیچ شاندێك دڵمان ئاو ناخواتەوە، تەنیا چاومان بڕیوەتە پرسی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی، هەرئەوەش داهاتوومان دەبێت.
موقەدەم (ئیدریس شەعبان)، ئەفسەری پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژاوای دیجلە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بەگشتی ئەزموونێكی تاڵمان لەگەڵ عێراق هەیە، ئەو عێراقەی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕی. عێراق بەهۆی شەڕ و بشێویی نێوان مەزهەب و گرووپە جیاجیاكانییەوە لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە؛ لە گرووپە توندڕەوەكانەوە بگرە تا میانڕەوەكان، سەرلەبەریان كەوتوونەتە ململانێی یەكترەوە و عێراقیان بەرە و چارەنووسێکی نادیار بردووە. من، وەك ئەفسەرێك، پێم سەیرە عێراق لە دەستوور لای دا و، مووچە و بوودجەی پێشمەرگەی خەرج نەكرد، چونكە بەپێی دەستوور، هەرێمی كوردستان مافی دامەزراندنی سوپای خۆی هەیە و، پێویستە لە بوودجەی عێراقدا بەشە بوودجەی بۆ دیاری بكرێت. هەربۆیە باشترین ڕێکار ئەوەیە، کە لە بەغدا جیا بینەوە، ئەوەش تەنیا بۆچوونی من نییە، بەڵكو ڕای هەموو پێشمەرگەكانە، لەبەر ئەوەی دوور نییە دوای نەمانی داعش، عێراق داعشێكی دیكە دروست بكات.
عەقید (دلشاد مەولوود)، فەرماندەی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی كوردستانی گوت: "دیارە ئەزموونی ئێمە هی ئێستا نییە، لەگەل عێراق هەموو قۆناغێكمان تێپەڕاند، هەر لە ئەنفال و جینۆسایدەوە بگرە هەتا وێرانكردنی گوندەكانمان، هەمووی بەسەر ئێمە هات. هەر ئەوەش وایكرد دەست بدەینە چەك و خەبات بۆ ئازادیی میللەتەكەمان و بەدەستهێنانی مافی ڕەوای گەلەكەمان بکەین. ئەمڕۆ كورد گەورەترین نەتەوەی سەرزەمینە، کە داوای بچووكترین مافی خۆی، واتە مافی سەربەخۆیی دەکات. ئەمڕۆ دەبینین هیچ دەوڵەتێك بە ناوی عێراقەوە نەماوە. ئەوەش هانمان دەدات، وەك هێزی پێشمەرگە داوای سەربەخۆیی بكەین و، خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەین.
KDP-
