موئەیەد تەیب: دەنگی سەربەخۆییی کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە

موئەیەد تەیب: دەنگی سەربەخۆییی کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە
چاودێری سیاسی، (موئەیەد تەیب) دەڵێ، دەبێ ئێمە لەهەمبەر بەغدادا یەكدەنگ و یەكڕیز بین و، یەك پەیاممان هەبێت، چونكە كارتی گوشاری كورد یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردستانییەكانە. ئێمە گەیشتووینەتە قۆناخێك، دەبێ لایەنە سیاسییەكانمان داوای مافی گەلی كورد بكەن، چونكە لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی ناگات.

(موئەیەد تەیب)، سیاسەتمەداری كورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: هەموو كاتێك یەك هەڵوێستیی كورد زۆر گرنگە. دەبێ بەرامبەر بە بەغدا یەكدەنگ و یەكڕیز بین و یەك پەیامان هەبێت، چونكە كارتی گوشاری كورد یەكهەڵوێستیی لایەنەكانە. بۆ ئەوەیش گرنگە لایەنە كوردستانییەكان سەرەتا لە نێوخۆدا ڕێك بكەون و بزانن چ پەیامێکیان هەبێت، چونكە شتێكی خراپە، كە هەرلایەنێك لەلای خۆیەوە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات و هەڵوێستی خۆی هەبێت. ئەگەر لایەنەكان یەكهەڵوێست نەبن، باشتر وایە لەگەڵ بەغدا دانوستاندن نەكەن.

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد گوتی: هاتنی شاندی هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەكان، نیشانەی ئەوەیە، کە ئەوان دەبینن دەنگی سەربەخۆییی كوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە و، بووەتە داوای سەرەكیی هەرتاكێكی كورد، بۆیە داوا دەکەن بە بیانووی ئەوەی كە ئێستا كاتی سەربەخۆیی نییە، گەلی كورد ئەو هەوڵە پاش بخات و، هەر وەکو پارچەیەكی عێراق بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی مافەكانی كورد بدەن. بۆیە هەڵوێستی هاوپەیمانیی نیشتمانی زیاتر بەرەو ئەوە دەچێت، كە عێراق دەوڵەتێكی مەركەزی بێت و، هەموو لایەنەكان لەژێر فەرمانڕەوایی بەغدادا كار بكەن. هەر گۆڕانكارییەك لە دەستووردا بكرێت، دەستوورەکە تێک دەدات، بۆیە هەر هەوڵێك بۆ گۆڕینی دەستوور بدرێت، دەبێ هێزە كوردستانییەكان لێی ئاگادار بن، چونكە ئەو گۆڕانكارییانە لە پەرلەماندا دەکرێن و، ئەو كەشەی لەنێو پەرلەمانیشدا هەیە، لەهەمبەر ماف و داواكارییەکانی خەڵكی كوردستاندا کەشێکی بەتەواوەتی نەرێنییە. بۆیە من هیچ شتێکی ئەوتۆ لە پڕۆژەکەی ئەواندا نابینم. هەروەها ئەو هێزانەی لەنێو ئەو هاوپەیمانییەدان، هیچ شتێكی باشیان بۆ كورد پێ نابێت، بۆیە ئێمە گەیشتووینەتە قۆناخێك، دەبێت لایەنەكان داوای مافی گەلی كورد بكەن، چونكە لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا كورد بە مافەكانی خۆی ناگات و، باشتر وایە وەك ئەوەی كە كردیان، بە ڕاشكاوی پێیان بڵێن، ئێدی گفتوگۆكانی ئێمە و ئێوە لەسەر ئەوە دەبن، كە چۆن لێك جیا ببینەوە و، چۆن ببینە دوو دراوسێی باش، چونکە كوردستان سەربەخۆ دەبێت".
KDP-
Top