ئەلمۆنیتەر: ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی بەسرە تاڵان دەکرێت

 	 ئەلمۆنیتەر: ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی بەسرە تاڵان دەکرێت
سایتی ئەلمۆنیتەر ڕاپۆرتێکی لەسەر گەندەڵی لە فرۆشتنی نەوتی باشووری عێراقدا بڵاو کردووەتەوە. لەو ڕاپۆرتەدا، ڕۆژنامەنووسی سایتەکە، (سه‌لام زێدانی) لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی له‌ فرۆشتنی نه‌وتی عێراقدا كردووه‌ به‌ ناونیشانی (ڕاستیه‌كانی پشت دزینی نه‌وتی عێراق).

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه بە لێدوانێکی (سادق مەهنا) پەرلەمانتاری شیعەی عێراق لە لیستی ئەلئەحراری سەر بە ڕەوتی سەدر دەکات بەوەی کە خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگەن لەسەر باتاڵانبردن و دزینی ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە نەوتی خاوی کێڵگەکانی بەسرە. مه‌هنا له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ سایتی ئه‌لمۆنیته‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووە كه‌ زۆربه‌ی حزب و لایه‌نه‌كان به‌شدارن له‌ دزین و بەقاچاخبردنی نه‌وتی باشووری عێراق و سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری نه‌وتیش له‌وه‌ ئاگادارن، به‌ڵام قسه‌كانیان هیچ به‌هایەکی نه‌بووه‌.

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و قسانه‌ی پەرلەمانتاری ڕەوتی سەدریش، ئەلمۆنیتەر لە زاری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقەوە بڵاویکردەوە كه‌ باشترین ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی نه‌وتی عێراق هه‌نارده‌ ده‌كرێت و له‌ ژیر چاودیریی ئاژانسه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ و سیسته‌می ئه‌لكترۆنی به‌گه‌رخستووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ دەزگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی له‌ دزینی ڕۆژانە 100 بۆ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی به‌سڕه‌ ئاگاداركردووەته‌وه‌ كه‌ نرخەکەی ده‌كاته‌ 7 ملیار دۆلار له‌ ساڵێكدا و له‌ سه‌رده‌می (نووری مالكیدا) بڕیار درا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ بكرێت، به‌ڵام ڕاپۆرتەكەی ئەلمۆنەتەر‌ ده‌ڵێت "لێکۆڵینەوەکان هیچ ده‌ره‌نجامێكی نه‌بووە، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی به‌رپرس بوون هه‌ر ئه‌وانه‌ بوون كه‌ قازانجیان له‌ به‌قاچاخبردنی نه‌وت ده‌كرد و زانیارییان له‌سه‌ری هه‌بوو."
KDP-
Top