عارف روشدی: لەگەڵ یەکێتیدا پرسگەلی گرینگ دەخرێنە بەر باس

 عارف روشدی: لەگەڵ یەکێتیدا پرسگەلی گرینگ دەخرێنە بەر باس
كۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەیەكی گرینگ دەبێت، چونكە باسی زۆر پرسی جێبایەخ دەكرێت.

(عارف روشدی)، رایگەیاند: "گرینگیی كۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەكێتی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە ڕووداوەكان لەسەر ئێمە راناوەستن چ لە ئاستی عێراق و و چ لە ناوچەكە، هەموو لایەك ئاگادارن دوای گۆڕانكاری لە ئیدارەی ئەمەریكا و هاتنی (دۆناڵد ترەمپ) بۆ سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، كێشەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕدرێن و پرسەكان ڕووبەڕووی ئاڵوگۆڕ دەبنەوە، ئەو ڕووداوانە بە دڵنیایییەوە كاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكانی عێراقیش دەبێت، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان بە تایبەت پارتی و یەكێتی و بە هاوپشتیی هێزە سیاسییەكان، ئەو بابەتانە بەهەند وەربگرن، چونكە شیعەی شۆفینی بە ناوی تەسفییەی سیاسی كەوتووەتە خۆ، لە لایەكەوە سوننە پڕۆژەی خۆی هەیە و توركمانەكانیش هاتوونەتە سەر خەت و داوای مافی خۆیان دەكەن".

(ڕوشدی) بە پێویستی دەزانێ، دەبێت جموجۆڵی ناوچەكە لە كۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەكێتیدا بەهەند وەربیگرێت و بكرێتە كرۆك و ناوەرۆكی بڕیاری گونجاو، كە دواجار لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت و گوتی، "وەک چۆن پیشتر راگەیێندراوە، دەبێت راشكاوانە بە گوێی جیهانیانی دابدەینەوە و بڵێین، كورد خواست و مافی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی خۆی هەیە بە شێوازی راگەیاندنی سەربەخۆیی، بەوەی كە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە و عێراقیش دراوسێیەكی باش دەبێت، ئەو پرسەیش دەخرێتە بەرنامەی گشتیی گفتوگۆی داهاتووی سەرجەم حزبەكانی كوردستانەوە".

بە گوێرەی زانیارییەکانی راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتیدا، یەكێك لەو خاڵانە كاراكردنەوەی پەرلەمان و سەرجەم جومگەكان دەبێت و، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە هەموو لایەنەكان سوورترە و دەبێ دۆخی كوردستان لە ڕووی سیاسییەوە ئۆقیرەیی بۆ بگەڕێتەوە و لایەنەكان رێك بكەون.








KDP
Top