كەنەدا چەك بۆ پێشمەرگە دەكڕێت
وەزارەتی بەرگریی كەنەدا لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی کڕینی چەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، پڕۆسەی كڕینی چەكی سووك بەردەوامە بۆ ئەوەی بە زووترین كات رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە بكرێت.
پێشتریش جۆن فۆرێستەر، جێگری وەزیری بەرگریی کەنەدا، رایگەیاند "حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر داوایەکی حکومەتی کەنەدا دەربڕیووە بۆ دابینکردنی چەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هەربۆیەش بەمزووانە حکومەتی کەنەدا چەند جۆرێک چەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەنێرێت".
کەنەدا یەکێکە لە ئەندامانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و لەم شەڕەشدا بە چەند شێوەیەک یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگە دەدات. لە مانگی شوباتی رابردوویشدا هارجیت سەجان، وەزیری بەرگری کەنەدا، و جۆناسان ڤانس، فەرماندەی سوپای کەنەدا، داوایان لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و فەرماندەکانی هێزەکانی پێشمەرگە کرد ناوی ئەو چەکانە بنووسن کە هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعشدا پێویستییان پێیانە.
کەنەداش داوای لە حکومەتی عێراق کرد رەزامەندی لە سەر دابینکردنی ئەو چەکانە بدات، جێگری وەزیری بەرگریی کەنەدا ئاماژەی بەوەکرد، بەغدا ئەو رەزامەندیەی پیشانداوە.
هەڵگورد حیکمەت، بەرپرسی راگەیاندنی شانەی جەنگی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای شەڕی داعشەوە هەرێمی کوردستان داوای هاوکاری لۆجستیکی و سەربازی لە کەنەدا کردووە، ئەوانیش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە و چەندین راوێژکاری سەربازیشیان لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
رووداو
