پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی لەبەردەم مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان خۆپێشاندان دەکەن
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینە دانەبڕاوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەھۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە، لەبەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی، لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا.
فاروق عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دانەبڕاوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە پەیامنێری (باسنیوز)یش تێیدا ئامادەبوون، ڕای گەیاند: "ئێمە وەک پێشمەرگە دانەبڕاوەکانی یەکێتیی نیشتمانی ئەو پێشمەرگانەی لە ڕۆژانی سەختدا دژی حکوومەتی بەعس جەنگاوین و بۆ چرکەساتێکیش خیانەتمان لە حیزبەکەمان نەکردووە، بەڵام بەداخەوە ئێمەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی ماوەی 17 مانگە تەنھا شەش مووچەمان وەرگرتووە، بۆیە بە ناچاری ئەمڕۆ لەبەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسی خۆپیشاندانمان ئەنجام داوە”.
گوتیشی: "ئەم حیزب و حکوومەتەی بنیاد نراوە، لەسەر دەستی پێشمەرگە دێرینەکان دامەزراوە، بەڵام دەبینین یەکێتیی نیشتمانی زۆر کەمتەرخەمە بەرامبەر مافی پێشمەرگە دێرینەکان و سەرەڕای دواکەوتنی مووچەکانمان یەکێتی نیشتمانی ھەوڵی جیدی نادات بۆ ئەوەی کێشەی مووچەی پێشمەرگە دێرنەکان چارەسەر بکرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد: "داواکارین یەکێتی نیشتمانی، ئاوڕی جدی لە ژیانی پێشمەرگە دێرینەکانی بداتەوە، بەتایبەتی کێشەی مووچەکانمان چارەسەر بکات، ئەگەر نا لە ئایندەدا ئێمە بە چڕی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین”.
باسنيوز
