پێشمەرگەی رۆژ ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوە بۆ سووریا دەکا
ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمەریکی، لە ژمارەی رۆژەکانی رابردوویدا ئاشکرای کردووە، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا چەند رۆژێک بەر لە تەواوبوونی وادەی سەرۆکایەتییەکەی، لە پلانیدا بووە لە چوارچێوەی کۆنتڕۆڵی شاری رەققە لە سووریا، کە لەژێر دەستی چەکدارەکانی داعشدایە، چەک و تەقەمەنی بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) لە سووریا رەوانە بکات، بەڵام ئیدارەی ترەمپ بڕیارەکەی ھەڵوەشاندووەتەوە.
لوە راپۆرتەکەی ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییەدا ئەوەش ھاتووە کە: ”پڕچەککردنی ئەو ھێزە کوردییانەی کە ئێستا لە سووریان، مەترسیی ستراتیژیی لێ دەکەوتەوە، چونکە ئەو ھێزانە پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)دا ھەیە، کە لەلایەن تورکیا و ئەمەریکاوە بە گرووپێکی تیرۆرستی تەماشا دەکرێن و لە لیستی تیرۆردان“.
لەلایەکی دیکەشەوە(باس) لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی، ئێستا لەشکری رۆژ لە ھەرێمی کوردستان لە ئامادەکاری و زیادکردنی ھێزدایە بۆ گەڕانەوەی بۆ کوردستانی سووریا، بۆ ئەوەش چاوەڕوانیی گڵۆپی سەوزی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا و تەواوبوونی شەڕی داعشە لە مووسڵ، چونکە ژمارەیەکی زۆر لەو ھێزە لەپێشەوەی میحوەرەکانی شەڕدان لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.
دلۆڤان رووباری، فەرماندە لە پێشمەرگەی رۆژ جەختی لەوە کردەوە، لەشکرەکەیان بۆ گەڕانەوە بۆ سووریا ئامادەیە و چاوەڕوانی رێککەوتنن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا.
گوتیشی: "لەشکری رۆژ لە فراوانییەکی زۆردایە و ئێستا دەستیان کردووە بە وەرگرتنی ئەو گەنجانەی کە دەیانەوێ لە ریزی پێشمەرگەی رۆژ خزمەت بکەن، لەو ماوەیەدا بەھەزاران گەنجی سووریا پەیوەندییان پێوە کردوون و دەرگای لەشکرەکەیان کراوەیە".
لای خۆشیانەوە جدعان عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەس) رای گەیاند، لە چوارچێوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەشکری رۆژ سوودی مادی و مەشقی سەربازیی لە ئەمەریکا وەرگرتووە و دواجار ئەو ھێزە کە لە گەنجانی کورد لە کوردستانی سووریا پێکھاتوون، ھەر دەبێت بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان، گوتیشی: "سیاسەتی رێگریی پەیەدە و پەکەکە لەو ھێزە سیاسەتێکی ھەڵەیە و دواجار باجەکەی دەدەن".
جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان نیگەرانن بەوەی تاکە کوردێک لە لیستی تیرۆردا بێت، ئیتر بە بوونی پارتێکی کوردی زیاتر دڵگرانن، بەڵام ئەو سیاسەتەی پەکەکە لەبەرامبەر بەوان دەیکات لە کوردستانی سووریا سیاسەتێکی کوردانە نییە، گوتیشی :"ئەوەی ئێستاش دەبینرێ، ئەمەریکا وەکو پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان سەیری پێشمەرگەی رۆژ دەکات، ئەوەش بۆ داھاتووی کورد لە سووریا دەستکەوتی گەورەیە، کە گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستان خاوەنی ھێزێکی وەکو لەشکری رۆژە، کە لە شەڕی تیرۆر لە شنگال و زومار و ناوچە کوردستانییەکان رۆڵێکی کاریگەری ھەبووە و ھاوشانی پێشمەرگە و ئەمەریکا شەڕی تیرۆرستانی کردووە".
باسنيوز
