ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێک دەستگیر کرا

ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێک دەستگیر کرا
حەسەن شێخ ئاقایی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی ناسراوی خەڵکی مەھاباد، لەلایەن ھێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستگیر و ڕەوانەی گرتووخانە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (ھەنگاو) ھێزە ئیتلاعاتییەکانی مەھاباد، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ھێرشیان کردووەتە سەر ماڵی حەسەن شێخ ئاقایی، و دوای ئەوەی دەستبەسەریان کردووە، کواستوویانەتەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندیی مەھاباد.

بە گوتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، ناوبراو بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەکی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراوە.

بەپێی ھەمان سەرچاوە، ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە مەدەنییە لەلایەن دادگای شۆڕشی مەھابادەوە بە دادوەریی دادوەر محەمەدخوا، بەتۆمەتی "پڕوپاگەندە دژ بە حکوومەتی ئێران لەڕێگای ماڵپەڕی ڕوانگەوە سزای ٥ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.”

ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێش پشتڕاست کراوەتەوە.

حەسەن شێخ ئاوایی پاییزی ساڵی پار، لەلایەن ھێزە ئیتلاعاتییەکانی مەھابادەوە دەستبەسەر و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەن (٦٠ ھەزار دۆلار) و بەشیوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.
payamner-
Top