عەبدولقادر بازرگان: پڕۆژەی ئێمە بۆ بەغدا سەربەخۆییە
(عەبدولقادر بازرگان) سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: شاندی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی پڕۆژەیەكیان پێ بوو، كە هەموو لایەنەكان پشتگیری لەو پڕۆژەیە بكەن، بەڵام ئێمە وەک لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان، باوەڕمان بەوە نەبوو كە ناو بەناو لەگەڵ ئەوان كۆببینەوە، چونكە ئەوە بۆ زیاتر لە سێ ساڵ دەبێت بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانیان بڕیووە، ئەو دەستپێشخەری ئەوان بۆ كورد و پێكهاتەكان هیچ سوودێكی نییە، بەڵام ئەگەر لە داهاتوو بزانین ئەو پڕۆژەیە سوودی هەیە، بە هەموومان پێكەوە لیژنەیەكی باڵا لە لایەنەكان پێكبهێنین و سەردانی بەغدا بكەین و باسی سەربەخۆیی و كێشەكانی دیكە بكەین، پێموایە كە ئەو شاندە بە بەشداری هەموو لایەنەكان، ئەنجامێكی باشی بۆ خەڵكی كوردستان دەبێ.
گوتیشی: ئێمە لەبەرانبەر پڕۆژەكەی ئەوان پڕۆژەی خۆمان هەیە، ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە، باشترین چارە ئەوەیەكە هەرێمی كوردستان سەربەخۆ بێت و سەربەخۆیی خۆی ڕابگەینێت، چونكە ئەو هێنان و بردنە بەس بۆ كات كوشتنە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان خۆیان بكەنە یەك و سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەینن، كە ئەوە باشترین چارەیە بۆ هەرێمی كوردستان".
kdp-
