مستەفا چاوڕەش: بۆچوونی هەموو خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین

 	 مستەفا چاوڕەش: بۆچوونی هەموو خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین
ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (مستەفا چاوڕەش) دەڵێ، بەغدا بەشەو ڕۆژێک لە پرسی سەربەخۆی تێ ناگات، بۆیە دەبێت بەردەوام بین لەگەڵیان بۆ داوای مافی خۆمان و دەشکرێت ببینە دوو دراوسێی باش لەبەر ئەوە هەوڵدەدەین بۆ ئەوان و بۆ وڵاتانی دیکەی دراوسێی باش بین، دەبێت داوای مافی خۆمان بکەین و ئێستاش بۆچوونی هەموو خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین". لای خۆیشیەوە (کەرخی ئاڵتی بەرماغ) باوەڕی وایە، لەم کاتەدا دەبێت کورد یەک دەنگ بێت چۆن کیانی سیاسی سەربەخۆیی کوردستان دابمەزرێنین و چۆن سیستەمی ئابووری سەربەخۆی کوردستان دابنێین کە ئەمە باشترین چارەیە بۆ داهاتوومان.

لە ئێستادا پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە تەوەرێکی سەرەکییە لەگەڵ بەغدا و ئەو پرسەیش لە لایەن سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان تاوتوو کراوە؛ دوای ئەوەی شاندی هاوپەیمانێتی شیعەیش بە سەرۆکایەتی (عەمار ئەلحەکیم) سەردانی هەولێریان کرد پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بە راشکاوی لەگەڵیاندا باس کرا.

وەک چاودێرانی سیاسی باسی لێوەدەکەن کە بەغدا لەوەگەیشتووە کە ئیدی هەرێمی کوردستان بەرە و سەربەخۆیی هەنگاودەنێ، هەروەک (تاریق حەرب) شارەزای یاسای دەستووریی عێراق رایگەیاندووە، چەند ئاراستەیەک لەنێو هاوپەیمانی نیشتیمانی دروستبووە کە دواجار نەیانتوانی بەرانبەر بە خواستی لایەنە کوردستانییەکان کە لە شاری هەولێر کۆبوونەوە (مەبەستی سەردانی هاوپەیمانێتی نیشتمانی شیعەیە کە سەردانی هەولێریان کرد) لەسەر پرسی سەربەخۆیی وەڵامیان هەبێ.

پێوەست بە کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانی شیعە، (مستەفا چاورەش) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:"مافی خۆمانە داوای مافی خۆمان بکەین، ئەوان بوونەتە چەندین گروپ، هەریەکیان لە ئاوازێک دەخوێنێت، بەشێکیان میانڕەون، بۆنمونە شاندی هاوپەیمانی نیشتیمانی هاتووە، بەسەرۆکایەتی (عەممار حەکیم)، زۆر باش بوو، گوێیان گرتووە بۆ داواکان.

دەشڵێ: "ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین دەمانەوێت داهاتووی خۆمان دیاری بکەین، ئەم جارە لە دانیشتنی لایەنە کوردستانییەکان و لایەنی عێراقی زمانی لێکتێگەیشتن بۆ داهاتووی هەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە".

گوتیشی: "بەغدا بەشەو ڕۆژێک لە پرسی سەربەخۆی تێ ناگات، بۆیە دەبێت بەردەوام بین لەگەڵیان بۆ داوای مافی خۆمان و دەشکرێت ببینە دوو دراوسێی باش لەبەر ئەوە هەوڵدەدەین بۆ ئەوان و بۆ وڵاتانی دیکەی دراوسێی باش بین، دەبێت داوای مافی خۆمان بکەین و ئێستاش بۆچوونی هەموو خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین".

ئاماژەیشی دا، گرفتی لایەنە عێراقییەکان زۆرە و لەنێو شیعەکانیش ئەو گرفتیان هەبووە بەشێکیان میاڕۆن و بەشێکی دیکەیان توندڕۆن، بەنمونە رەوتی (ئەلحەکیم) میانڕۆن چونکە لە باوکیان بۆیان ماوەتەوە.

لای خۆیشیەوە (کەرخی ئاڵتی بەرماغ)، سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان لە کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "بەداخەوە ئەزموونی ناخۆشمان لەگەڵ بەغدادا هەیە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی یەک لە دوای یەک هاتوونەتە سەر حوکم، ئامادەنەبوون بەشێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن، نایانەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکبێن، بۆیە گرفتەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە".

گوتیشی: "کاتێک (مالیکی) دەستەڵاتی وەرگرت نەرمی دەنواند و دواتر پشتی لە بەڵێنەکانی کرد بۆیە ئێستاش کە جۆرێک لە پەرتەوازەیی لەنێو شیعەکان هەیە بەڵام لەسەر پرسی کورد هەموویان دەبنەوە یەک".

ئەوەشی خستەروو، لەم کاتەدا دەبێت کورد یەک دەنگ بێت چۆن کیانی سیاسی سەربەخۆیی کوردستان دابمەزرێنین و چۆن سیستەمی ئابووری سەربەخۆی کوردستان دابنێین کە ئەمە باشترین چارەیە بۆ داهاتوومان.

ئاماژەیشی دا: "چۆن هێزێکی شاراوە لە پشت لایەنە شیعەکان هەیە کە نایەوێت کوردستان بگاتە ئاواتەکانی دەبێت ئاواش کوردستان خۆی کۆبکاتەوە و بە بەهێزی پشتیوانی لە مافەکانی بکات".
kdp-
Top