ھەدەپە درووشمی خۆی بۆ ریفراندۆمی دەستوور ئاشكرا دەكات
ھەدەپە بڕیاری داوە بە دەنگی نا بەشداری لە ریفراندۆمەكەی دەستوور بكات، پاش ئەوەی لە پەرلەمان دەنگی پێنەدا.
پەرلەمانی توركیا رۆژی 20 كانوونی دووەمی 2016 پاش دوو خولی گەنگەشە، ھەمواركردنەوەی 18 مادەی دەستووری پەسند كرد.
بە پێی ھەمواری دەستووری توركیا، سیستەمی حوكم لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی دەگۆڕێت، كە پرۆژەی ھەمواركردنەوەی دەستوور بە ھاوبەشی ھەر یەك لە پارتی دەسەڵاتداری توركیا داد و گەشەپێدان ـ ئاكپارتی و پارتی ئۆپۆزسیۆنی بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ مەھەپە ئامادە كرا و رۆژی 20 كانوونی دووەمی رابردوو بە دەنگی پەرلەمانتارانی ھەردوولا پەسندكرا.
بە پێی دوایین راپرسی، 58.2% دەنگدەرانی توركیا دەستووری نوێ رەت دەكەنەوە و تەنیا 41.2% بە بەڵێ دەنگی پێ دەدەن.
لە ماوەی گەنگەشە و دەنگدان بە مادەكانی پێشنیاركراو، چەندین جار شەڕی دەستەویەخە نێوان پەرلەمانتاران روویدا، یەكێ لەو شەڕانە نێوان ژنە پەرلەمانتاران روویدا، پاش ئەوەی ژنە پەرلەمانتەرێكی بێ لایەن بۆ دەربڕینی نارەزایەتیی خۆی بەرامبەر ھەمواركردنەوەی دەستوور دەستەكانی خۆی بەو مێزەوە كەلەپچە كرد كە بۆ پێشكەش كردنی لێدوان و گوتار دانراوە. جارێكیش ھەدەپە دانیشتنی پەرلەمانی بایكۆت كرد.
بڕیارە ھەمواری نوێی دەستووری توركیا مانگی نیسانی داھاتوو لە ریفراندۆمێكی گشتی بخرێتە بەر دەنگدان، پاش ئەوەی لە لایەن سەرۆك كۆمار ئێمزا كرا.
k24 -
