دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەوت بەسەر 300 خێزانی ئاوارەدا دابەش دەکات

 دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەوت بەسەر 300 خێزانی ئاوارەدا دابەش دەکات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی ھەڵمەتە خێرخوازییەکانیدا، سووتەمەنی بۆ خێزانە ئاوارەکاندا دابەش دەکات، ھەروەھا شیری منداڵانی بۆ 300 منداڵی کەمپی داودی دابین کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 6/2/2017، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ھەماھەنگی UNHCR بە مەبەستی گەرمکردنەوەی نێو چادری ئاوارەکان و نزمبوونەوەی پلەی گەرما، بڕی 1800 لیتر نەوتی سپی بۆ 300 خێزان دابین کرد، کە ھەر خێزانێک بڕی 60 لیتر نەوتی پێ درا، ھەروەھا ئەمڕۆ تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی 600 قوتووی شیری منداڵانیان بەسەر خێزانەکانی کەمپی داودیدا دابەش کرد، کە لەو ھەڵمەتەدا 300 منداڵی یەک ھەتا شەش مانگان، سوودمەند بوون.

ھاوکات دوێنێ یەکشەممە 5/2/2017، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ھەماھەنگی کار گرووپ، جلوبەرگی پێویستی بۆ 1800 خێزانی کەمپی حەسەنشام دابەش کرد، ھەروەھا لە ھەمان چالاکیدا پێداویستیی منداڵان بۆ خێزانەکان دابین کرا، ھەر لە ھەمان ڕۆژدا بە مەبەستی پێشگرتن لە چوونەژوورەوەی باران بۆ ناو خێوەتی ئاوارەکان، لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە نایلۆن بەسەر 300 خێزانی کەمپی حەسەنشامدا دابەش کرا.

گرووپێکی پزیشکیی ئەمریکی FAI، بە یارمەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوێنێ یەکشەممە 5/2/2017، پشکنینی پزیشکییان بۆ 130 نەخۆشیی درێژخانەی ناو کەمپی حەسەنشامدا کرد، ھەروەھا دەرمانی پێویستیش لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تیمی پزیشکە ئەمریکییەکانەوە بۆ نەخۆشەکان دابین کرا، کەمپی حەسەنشام دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا و تایبەتە با ئاوارەکانی ئەم دواییەی پڕۆسەی ڕزگارکردنی نەینەوا و دەورووبەری.













باسنيوز
Top