نەجیبە نەجیب: پارتی هیچ پۆستێکی لە حکوومەتی عێراقدا نەماوە
نەجیبە نەجیب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،ڕای گەیاند: “کاتی خۆی هۆشیار زێباری، وەک کاندیدی پارتی دیموکراتیی کوردستان، پۆستی وەزیری داریی عێراقی وەرگرت، ئەوکاتە دۆخی دارایی عێراق زۆر خراپ بوو، ئەو بە دیپلۆماسیی خۆی توانی لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و وەزارەتەکان هەماهەنگی بکات و وای کرد عێراق لەو قەیرانە دەربچێت".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئێستا شەراکەت لە بەغدا نەماوە، پارتی هیچ پۆستێکی لە حکوومەتی عێراقدا نەماوە، نە لە پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، نە بریکاری وەزیری ناوخۆ و سەرۆک ئەرکان و وەزارەتی دارایی، بە ڕاشکاویش لەسەر نەمانی شەراکەت لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانی قسەمان کردووە".
لەبارەی دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی وەزیری دارایی عێراق، نەجیبە نەجیب، ڕایگەیاند، "ئەوە بەدەست سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی پارتییە کە کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیاری بکەن".
پێشتر سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، ئەگەر هەیە لە سەردانەکەیدا بۆ لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فواد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق، داوای دیاریکردنی کاندیدی کورد بۆ پۆستە وەزارییەکانی عێراقی بکات، بەڵام “بە لای کوردەوە ئەو پۆستانە گرنگییان نەماوە، چونکە هیچ بنەمایەک نەبوو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکانی کورد”.
باسنیوز
