تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان داوای لەسەر کاکە حەمە تۆمار کردووە

تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان داوای لەسەر کاکە حەمە تۆمار کردووە
جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان، هیچ حزبێکی دیکە داوای یاسایی لەسەر محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان تۆمار نەکردووە و سۆسیالیستیش دەڵێت: "گۆڕان دەیەوێت خۆی نمایش بکات".



بەپێی زانیارییەکان، جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان، هیچ حزبێکی کوردستان داوای یاسایی لەسەر محەمەدی حاجی مەحموود تۆمار نەکردووە.

لەمبارەوە سەلم کۆیی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، ڕاگەیاند: "تا ئێستا وەک کۆمەڵ داوای یاساییمان لەسەر کاکە حەمە تۆمار نەکردووە و جارێ باوەڕیش ناکەین تۆمار بکرێت".



فەرهاد مەلا ساڵح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو ئیسلامیی کوردستان، ڕاگەیاند: "یەکگرتوو داوای تۆمار نەکردووە و کاتی خۆی قسەی هەبووە".



لە بەرامبەردا بەختیار کەریم، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند: "گۆڕان دەیەوێت خۆی نمایش بکات و متمانەی دەنگدەرەکانی بەدەست بهێنێتەوە، چونکە ئەو بەڵێنەی بە خەڵکیان دابوو، نەیانتوانی بیبەنە سەر”. دووپاتیشی کردەوە: “گۆڕان لەم داوایە شکست دەهێنێت".



پێشتر سۆران سێوکانی، نووسەر و ڕۆشنبیری سلێمانی، ڕاگەیاندبوو: “ئەو سکاڵایەی گۆڕان لە دژی کاکە حەمە تۆماری کردووە، دەرخەری دووفاقیی بزووتنەوەکەیە”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پێشتر گۆڕان بە بیانووی “ناشەرعیبوونی دادگاکان”، ڕێگەیان نەداوە دانای ئەحمەد مەجید، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی بچێتە بەردەم دادگا، کەچی “بۆ بەرژەوەندیی خۆیان پەنا بۆ دادگا دەبەن”.








باسنیوز
Top