پۆستی قایمقامی سلێمانی لە نێوان یەکێتی و گۆڕان ئاڵوگۆڕ کرا

 پۆستی قایمقامی سلێمانی لە نێوان یەکێتی و گۆڕان ئاڵوگۆڕ کرا
دوای دوو ساڵ، قایمقامی پێشووتری سلێمانی جارێکی دیکە بۆ پۆستەکەی گەڕێندرایەوە.



ئەمڕۆ دووشەممە 6\2\2017، پاش دوو ساڵ، بزووتنەوەی گۆڕان، پۆستی قایمقامی سلێمانی ڕادەستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە و ئاوات محەمەد کە پێش ئەوەی پۆستەکەی بە گۆڕان بدەن، قایمقامی سلێمانی بوو، جارێکی دیکە بۆ پۆستەکەی گەڕێندرایەوە.



لەمبارەیەوە، بەختیار عەبدولڕەحمان کە لەسەر پشکی گۆڕان قایمقامی سلێمانی بووە و ئەمڕۆ پۆستەکەی لێ وەرگیراوەتەوە، ڕاگەیاند: ”دوای دوو ساڵ کە من پۆستی قایمقامی سلێمانیم بەڕێوە بردووە، هیوادارم لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بم“. هیواشی خواست، قایمقامی نوێی سلێمانی لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت.



پێشتر هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر ئەوە ڕێککەوتبوون کە ماوەی دوو ساڵ، پۆستەکانی قایمقامی سلێمانی و هەڵەبجە لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێتی خواستی ئەوەی هەبوو، تەنیا پۆستی قایمقامی سلێمانی وەربگرێتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەیی تێدانەبوو و بەو هۆیەوە بۆ ماوەیەک ناکۆکی لەسەر دروست بوو.






باسنيوز
Top