هاووڵاتیان: ئەمجارە پەیام و گوتاری شاندی کوردستانی بۆ بەغدا، بوون بە دوو دراوسێی باشە

 	 هاووڵاتیان: ئەمجارە پەیام و گوتاری شاندی کوردستانی بۆ بەغدا، بوون بە دوو دراوسێی باشە
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان وێڕای ئەوەی پاڵپشتی لە چوونی شاندێکی کوردی دەکەن بۆ بەغدا تا پرسی سەربەخۆیی تاوتوو بکرێ، هاوکات رادەگەیەنن کە پەیامی ئەمجارەی شاندی کوردی بۆ بەغدا، بوون بە دوو دراوسێی باشە.


ئیدی هیچ كارتێكی دیكە نەماوە لەدەست بەغدا تا كوردی پێوە خەریك بكەن
رۆژنامەنووس (عەدنان رێكانی) لە شاری دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەبێت شاندی هەرێمیی كوردستان كە بڕیارە سەردانی بەغدا بكات و پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدادا یەكلا بكاتەوە، وەك جاران دانوستان لەپێناو دانوستان نەكات، به‌ڵكه‌ دانوستان لەبارەی پرسی هەرەگرینگی نەتەوەیی بكات، ئەویش بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی هەزاران شەهیدی كوردستان كه‌ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە، چونكە هیچ كارتێك نەماوە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا تاقی نەكردبێتەوە، بۆیه‌ ئیدی هیچ كارتێكی دیكە نەماوە لەدەست بەغدادا تا كوردی پێوە خەریك بكەن و دواتر هیچی لێ سەوز نەبێت.. پێموایە نابێت ئەمجارە شاندی هەرێمی كوردستان جەماوەری كورد و شەقامی گشتی لە دەست بدات، لەبەر ئەوەی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی دەوڵەتی سەربەخۆن و ئەوانەشی دەڵێن دەوڵەتی كوردی تەنیا پڕوپاگندەیە، بەهەڵەداچوونە.''

دەتوانین ناو لە خۆمان بنێین دەوڵەتی دیفاکتۆ
(سیروان گەردی) چالاكوانی مەدەنی لە هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەوەی (فازڵ میرانی) لە كۆنفڕانسه‌ رۆژنامەوانییه‌كه‌ی دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراق ئاماژەی بۆ كرد لەبارەی دەوڵەتی كوردستانه‌وه‌، ئەوا لەمێژە كورد شۆڕش و خەباتی لەپێناو دەكات، ئێستایش هیچ شتێك نییە هەرێمی كوردستان و عێراق پێكەوە ببەستێتەوە، تەنانەت دەتوانین ناو لەخۆمان بنێین دەوڵەتی دیفاكتۆ، چونكە لە ئاستی نێدەوڵەتیدا مامەڵەمان لەگەڵدا دەكرێت، لەهیچ شوێنێكی دنیادا نەبووە بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت تەنیا هەرێمی كوردستان نەبێت، بەڵام پێش ئەوەی پرسی دەوڵەتی سەربەخۆ لەگەڵ عێراق باس لێوە بكەین، پێویستە نێو ماڵی خۆمان رێك خەینەوە.''

ئەوەی شاندی كوردستانی ئەمجارە لەگەڵ خۆی دەیباتە بەغدا، پەیام و گوتاری پێكەوەژیانی دراوسێیەكی باشە
(دڵشاد نامیق) مامۆستای زانكۆ لە شاری هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لەمەودوا هەر شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ دانوستان سەردانی بەغدا بكات پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگرێت، كە ئیدی هەرێمی كوردستان لە روانگەی هێزەوە قسە دەكات و هێزێكی هەیە توانی تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێ، سێ ساڵ بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا هەرێمی كوردستان توانی ئیدارەی خۆی بكات لە ڕووی داراییەوە، لە هەموویشی گرینگتر هەرێم توانی كڕیار بۆ نەوتی خۆی بدۆزێتەوە، سەرەڕای هەموو كەموكوڕییەكان و ناڕەحەتییەكانی هاتوونەتە بەردەم هاووڵاتیانی كوردستان، ئەمەشی لەبەرچاو بێت جگە لە گوتاری یەكگرتووی هەرێمی كوردستان، هیچ گوتارێكی دیكەی دەرەوەی هەرێم دەربڕین نییە لە خەڵكی كوردستان، ئەوەی شاندی كوردستانی ئەمجارە لەگەڵ خۆی دەیباتە بەغدا، پەیام و گوتاری پێكەوەژیانی دراوسێیەكی باشە، بەڵام پێكەوەژیان مەرج نییە لەنێو دەوڵەتێكدا بێت، بەڵكۆ ئێمە كاتێك دەڵێین جیا ببینەوە لە عێراق واتای ئەوە ناگەیەنێ ببین بە دوژمنی عێراق، لە ئەگەری جیابوونەوەشمان لەگەڵ عێراق پێویستمان بە میساقێكی مرۆڤایەتی هەیە لەگەڵ بەغدادا.''
kdp-
Top