نێچیرڤان بارزانی و ئەلحەکیم کارکردن بە بنەمای تەوافق دووپات دەکەنەوە

نێچیرڤان بارزانی و ئەلحەکیم کارکردن بە بنەمای تەوافق دووپات دەکەنەوە
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە "سەید عەممار ئەلحەکیم" سەرۆکی ھاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعی و شاندێکی یاوەری کرد.



لە دیدارێکدا کە "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێم ئامادەی بوون، ئەلحەکیم خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە ئەم جۆرە سەردان و دیدارانە زوو ـ زوو ئەنجام بدرێن، بەتایبەتی بۆ گفتوگۆ لە نێوان ھەولێر و بەغدا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان، ھەروەھا دەستخۆشی لە پێشمەرگە کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورانەی بەرامبەر تیرۆرستانی داعش بەدەستیان ھێناوە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەھیدان کرد.



عەممار ئەلحەکیم ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند، بەو ھیوایەی لە سایەی سیاسەتێکدا کە ھەمووان ھەست بە بوونی خۆیان و تەبایی و ڕێزگرتن لە یەکتری بکەن، عیراق بگەڕیتەوە دۆخی ئارامی و ئاشتەواییەکی سەرتاسەری دروست ببێتەوە. لەم ڕووەوە ئاماژەی بە پڕۆژەی ھاوپەیمانیی نیشتمانی کرد و باسی لەو تەحەدیاتانەش کرد کە دوای نەمانی دیکتاتۆریەت ڕووبەڕووی عیراق بوونەتەوە.



لە بەردەوامیی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ھاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعی، مێژوویەکی درێژی ھەیە و بەیەکەوە خەباتیان بۆ خۆشگوزەرانیی ئەم وڵاتە کردووە و بە پێویستی زانی لە داھاتووشدا بە ھەمان شێوە ھاوکاری یەکتر بن. ھەروەھا ئاشکرای کرد کە ئیرادەیەکی باش لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراق و حکوومەتی فیدرالەوە ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.



لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانە و تێبینییەکان و دەستپێشخەریی بەڕێزیانی کرد و بە دەرفەتێکی باشی زانی بۆ ئەوەی گفتوگۆی ڕاشکاوانە لە نێوان ھەردوولادا لەسەر کۆی پرسەکان ئەنجام بدرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە ساڵی ٢٠٠٣ ھەرێمی کوردستان بە ئارەزووی خۆی گەڕایەوە بەغدا بۆ ئەوەی عیراقێکی نوێ لەسەر بنەمای دیموکراسی و تەوافق دروست بکرێت، نەک لەسەر بنەمای کەمینە و زۆرینە و بە پێویستی زانی بنەمای تەوافق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەکار بھێنرێت، تاکو ھەموو لایەک لە ئایندەی خۆی لە عیراقدا دڵنیا بێت.



ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا کە دوای ١٢ ساڵ دەستوور وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت و ئێستا خەڵکی کوردستان لە خۆیان دەپرسن: لە کوێی ھاوکێشەی عیراقدان؟، لە کاتێکدا بە بڕیارێکی سیاسی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان بڕدراوە و ملیۆنێک و ھەشتسەد ھەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، کەچی حکوومەتی بەغدا خۆی بە خاوەنیان نازانێت، لە شەڕی داعشیشدا ھاوکاریی پێشمەرگەی نەکردووە، بە پێچەوانەوە بریندارانی سوپای عێراق لە نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێن.



ھەروەھا خۆشحاڵیی خۆی بەو ھەماھەنگییە سەربازییەی لەم دواییانەدا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالدا دروست بووە دەربڕی، کە ئەنجامی زۆر باشی لە سەرکەوتن بەسەر تیرۆرستانی داعشدا ھەبووە و ئامادەییی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی لەگەڵ بەغدا و دۆزینەوەی فۆرمۆلێکی نوێ بۆ ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و دەستەبەرکردنی داھاتووی ھەموو پێکھاتەکان، نیشان دا.



ھەر لە کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان چەند سەرنج و تێبینییەکیان لەسەر بارودۆخی عیراق پێشکەش کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە ھاوپەیمانیەتیی کورد و شیعە دێرینە، بۆیە پێویستە بەردەوام بێت و ئەوانیش ڕێز لە خواستی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەگرن و بە پێویستیان زانی کەموکووڕییەکانی ڕابردوو چارەسەر بکرێن، بە ھەموو لایەکیش ھەوڵی گەڕانەوەی ئارامی و بنەمای تەوافق بدەن.



ژمارەیەک لە وەزیرە بەڕێزەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش وردەکارییان سەبارەت بە گیروگرفتەکانی ئاوارەکان لەڕووی تەندروستی و پێداویستی و ژێرخانەوە، لەگەڵ پێدوایستییەکانی پێشمەرگە بۆ شاندی میوان خستە ڕوو. چەندین بابەتی دیکەش گفتوگۆیان لەسەر کرا و ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی ئەنجامدانی ئەو دیدارانە و تەبایی و یەکڕیزی و دیالۆگ کردەوە.

payamner -
Top