قوباد تاڵەبانی بۆ هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد: وەڵامم بۆ قسەکانت هەیە

 قوباد تاڵەبانی بۆ هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد: وەڵامم بۆ قسەکانت هەیە
خاڵی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕەخنەی توند لە خوشکەزاکەی دەگرێت و قوباد تاڵەبانیش وەڵامی دەداتەوە.

لە وتارێکیدا کە بە ناوی (قوباد و دۆسیەی نەوت) بڵاوی کردووەتەوە، هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد، خاڵی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕەخنەی توند لە خوشکەزاکەی دەگرێت، لەوەی کە لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، لەو بۆنانەی باس لە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ”بێ دوو دڵی، پێداگری کردووە کە ئاگای لە دۆسیەی نەوتە“. دەشڵێت: ”تۆ نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیت لەم ‌حکوومەتەدا، کەواتە، لانی کەم، دەبێ بەشێک لە سەرکردایەتیی حیزبەکەشت ئاگایان لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام دڵنیات ئەکەمەوە کە نەک هەر مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەت، تەنانەت دایکیشت (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) کە ئەندامی ئەو مەکتەبەیە، ئاگایای لەو "سیاسەتە" نییە، تەنها ئەو زانیارییانە نەبێت کە Wikileaks بڵاویکردووەتەوە!“.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا خاڵی قوباد تاڵەبانی نووسیویەتی: “ئەگەر ئاگات لەم هەموو وردەکارییەیە و تا ئێستا بێدەنگیت، ئەوا ئیتر هەرگیز نەڵێیت نەوەی برایم ئەحمەدی!”.

لە بەرامبەردا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بڵاوی کردووەتەوە: “بۆ خاڵی خۆشەویستم، بە ناونیشانی " قوباد و دۆسیەی نەوت"، خاڵی گەورە و خۆشەویستم کاک هەڵۆ بابەتێکی نووسیوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بەندەوە، وێرای ئەوەی بابەتەکەی بە هەند وەردەگرم، بەهیچ شێوەیەک پێم خۆش نییە وەڵام و وەڵامدانەوە بکەوێتە نێوانمان، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نا کە وەڵامم بۆ قسەکانی بەڕێزی نەبێت”.

دووپاتیشی کردووەتەوە: “لە نزیکترین دەرفەتدا بەخۆشحاڵییەوە خۆمان پێکەوە گفتوگۆ لەمبارەیەوە دەکەین و کەسیش نان و پیاز بەو بابەتەوە نەخوات”.












باسنيوز
Top