نێچیرڤان بارزانی: ترسی داعش لەسەر کوردستان نەماوە و کاتی ئاوەدانکردنەوەیە
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 5\2\2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی ئاهەنگی کردنەوەی شەقامی ستراتیژیی (120) مەتری لەشاری هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان چەندان کۆمپانیا سەرمایەیان دەستکەوتووە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئایا سەرمایەکەیان بردووەتە دەرەوە یاخود لەناوخۆی وڵاتدا کاری پێ دەکەن؟، حکوومەتی هەرێمی کوردستان شانازی بەوانەوە دەکات کە لە خەمخۆریی ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە دان.
ڕوونیشی کردەوە: ”ئەو کاتەی داعش تەنها 30 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوور بوو، پڕۆژەی شەقامی 120 مەتری کە لە لایەن کۆمپانیای (هێمن گرووپ)ەوە کاری تێدا دەکرێت، لە کار نەوەستا و بەردەوام بوو. هەموو کۆمپانیاکان بەرەو دەرەوەی وڵات دەڕۆشتن، ئەوان بۆ یەک ڕۆژیش ئەم پڕۆژەیان لە هەرێمی کوردستان ڕانەگرت و لە کارکردن بەردەوام بوون. ئەمڕۆش دەبینین قۆناغێکی پڕۆژەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە“.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی تایبەتیی ئەندازیار (ئەمیر)ی کرد کە سەرپەرشتیی پڕۆژەکەی کردووە و گەنجێکی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لەمبارەیەشەوە گوتی: ”زانکۆی سەڵاحەدین دەبێت شانازی بەوە بکات کە کادیری وای پێ گەیاندووە“.
دووپاتیشی کردەوە: ”سڵاو و درود بۆ ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەنێرین کە لە سەنگەردا بەرگرییان لە کوردستان کرد، تاوەکوو تیرۆریستانی داعش نەگەنە ئێرە و ئێمە بە ئاسوودەیی لەم شارانەدا بژین. بە بڕینی بودجەی کوردستان، شەڕی داعش، ئاوارەبوونی نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار کەس بۆ ناو هەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت، قەیرانێکی زۆر گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کرد، قەیرانەکانی ئەم 3 ساڵە وانەی زۆری فێر کردین“.
لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە: ”دووبارە ڕوو لە کەرتی تایبەت دەکەم و پێیان دەڵێم کە ترسی داعش بەهۆی ماندووبوون و خوێنی پێشمەرگەوە کەم بووەتەوە، دەبێت کەرتی تایبەت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و ئەرکی ئاوەدانکردنەوە لە ئەستۆ بگرێت“.
باسنيوز
