سۆران سێوکانی: سکاڵاکەی گۆڕان دژی کاکە حەمە دووفاقیی بزووتنەوەکە دەردەخات

 سۆران سێوکانی: سکاڵاکەی گۆڕان دژی کاکە حەمە دووفاقیی بزووتنەوەکە دەردەخات
نووسەرێکی سلێمانی پێی وایە، دادگایی کردنی محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان لەلایەن گۆڕانەوە، جێگای پرسیارە، چونکە “پێشووتر هەمان قسەکانی کاکە حەمە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کراوە”.

دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگەی دادگای سلێمانییەوە سکاڵای دژی محەمەدی حاجی مەحموود تۆمار کرد، سۆران سێوکانی، نووسەر و توێژەر،ڕایگەیاند: “ئەوە نیشانەی ئەو ئیزدیواجیەتەیە کە بزووتنەوەی گۆڕان و هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەیانە، گۆڕان لەناو حکوومەتە و لەم لاشەوە لەگەڵ خەڵک لەسەر شەقامە، حزبەکانی دیکەش لەملاوە بندیواریان هەیە و لەولا باسی گەندەڵی دەکەن”.

ڕوونیشی کردەوە: “گۆڕان نەک ئەنجومەنی شوورا و دادگا و داواکاری گشتی بە نایاسایی دەزانێت، بەڵکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە ناشەرعی وەسف دەکات، کەچی هەر خۆی ڕێگای دادگا دەگرێتەبەر لەدژی کاکە حەمە کە ئەمە قۆستنەوەی شتەکانە لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەت”.

سێوکانی جەختی لەوە کردەوە: "ئەوەی لە خزمەتی خۆتابێت، ئەوە شەرعی و ڕەوایە، ئەوەشی لە خومەتی تۆ نەبێت، ناشەرعییە، ئەی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی پرسی دانای ئەحمەد مەجید، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی ناداتەوە کە داڵدەی دا و نەیهێشت دادگایی بکرێت؟ ئەوکاتە دەیان گوت دادگا سەربەخۆ نییە و لەدەست حزبدایە".

ئەو نووسەر و توێژەرە سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەربڕی کە ئاخۆ بۆچی گۆڕان لە بەرامبەر عەبادی و مالیکی ڕێکاری یاسایی نەگرتووەتە بەر؟ گوتیشی: “خۆ ئەو قسەیە پێشووتر سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتی، لەکاتێکدا ئەو سەرۆک وەزیرانە و ئاگاداری زۆر شتە، کەوایە قسەکەی عەبادی بەڵگەیە بۆ کاکە حەمە و بزووتنەوەی گۆڕانیش بەرامبەر بە عەبادی بێ دەنگ بوو".











باسنیوز
Top