سۆسیالیست: کاکە حەمە بەڵگەی لەبەر دەستە

 سۆسیالیست: کاکە حەمە بەڵگەی لەبەر دەستە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردسان باس لەوە دەکات، سکرتێری گشتیی حزبەکەیان بەڵگەی هەیە و لەخۆیەوە قسەی نەکردووە.

بەختیار کەریم، ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی سۆسیالیست رایگەیاند، کە بە تۆمارکردنی سکالای یاسایی لەسەر محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست، گۆڕان پەردەی لەسەر خۆی لەبارەی ئازادی و ئازادی رادەربڕین لادا، ”نەیان توانی بەرگەی ئەو رەخنە بگرن“.

بەختیار کەریم پێیوایە گۆڕان بۆ نیشاندانی ئەستۆپاکیی خۆی لەبەرامبەر دەنگدەران و جەماوەری خۆیدا سکاڵای لەسەر محەمەدی حاجی مەحموود تۆمار کرد، ”بەڵێنێکی زۆری بە جەماوەری کوردستان و دەنگدەرانی دا سەبارەت بە باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و پاشەکەوتی مووچە، ئەمانەشی پێ نەکرا، بۆیە پەنای بردە بەر دادگا و سکاڵای لەسەر کاکە حەمە تۆمار کرد".

ئەو سەرکردەیەی حزبی سۆسیالیست ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەوکاتەی سکرتێری گشتیی حزبەکەیان باسی لەوە کرد، کە یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی کۆمپانیا و پاڵاوگەی نەوتین، ”بەڵگەی لەبەر دەستە و لەخۆیەوە ئەو قسانەی نەکردووە“.

بەختیار کەریم هەروەها رایگەیاند، کە حزبەکەی پێیوایە ”دادگا دەتوانێت گرفتەکانی کوردستان یەکلابکاتەوە، دەتوانێت بڕیاری گونجاو لەسەر ئەو کەیسە بدات و ئامادەین بۆ ھەر بڕیارێکی دادگا و پێی رازی دەبین“.












باسنیوز
Top