سۆسیالیست: کاکە حەمە بەڵگەی لەبەر دەستە
بەختیار کەریم، ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی سۆسیالیست رایگەیاند، کە بە تۆمارکردنی سکالای یاسایی لەسەر محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست، گۆڕان پەردەی لەسەر خۆی لەبارەی ئازادی و ئازادی رادەربڕین لادا، ”نەیان توانی بەرگەی ئەو رەخنە بگرن“.
بەختیار کەریم پێیوایە گۆڕان بۆ نیشاندانی ئەستۆپاکیی خۆی لەبەرامبەر دەنگدەران و جەماوەری خۆیدا سکاڵای لەسەر محەمەدی حاجی مەحموود تۆمار کرد، ”بەڵێنێکی زۆری بە جەماوەری کوردستان و دەنگدەرانی دا سەبارەت بە باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و پاشەکەوتی مووچە، ئەمانەشی پێ نەکرا، بۆیە پەنای بردە بەر دادگا و سکاڵای لەسەر کاکە حەمە تۆمار کرد".
ئەو سەرکردەیەی حزبی سۆسیالیست ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەوکاتەی سکرتێری گشتیی حزبەکەیان باسی لەوە کرد، کە یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی کۆمپانیا و پاڵاوگەی نەوتین، ”بەڵگەی لەبەر دەستە و لەخۆیەوە ئەو قسانەی نەکردووە“.
بەختیار کەریم هەروەها رایگەیاند، کە حزبەکەی پێیوایە ”دادگا دەتوانێت گرفتەکانی کوردستان یەکلابکاتەوە، دەتوانێت بڕیاری گونجاو لەسەر ئەو کەیسە بدات و ئامادەین بۆ ھەر بڕیارێکی دادگا و پێی رازی دەبین“.
باسنیوز
