داوای یەکلاکردنەوەی چارەنووسی 16 هەزار پارچەزەوی لەهەولێر دەکرێت
بەرپرسێکی پارێزگای هەولێر گەیاندنی پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی بۆ گەڕەکی 8ـی حەسارۆک لە ئایندەدا، ئاشکرا دەکات.
بەشێکی زۆری خاوەن زەوییەکانی کەرتی 8ـی حەسارۆکانی شاری ھەولێر، داوای یەکلاکردنەوەی چارەنووسی زەوییەکانیان دەکەن، کە وەک خۆیان دەڵێن، بۆ 10 ساڵ دەچێت بەبێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە و گەڕەکەکە دروست نەکراوە.
حەمزە حامید، بەرێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر راگەیاند، ئەو پرسە پەیوەندیی بەشارەوەوانییەوە ھەیە، چونکە 16 ھەزار پارچە زەوییە و دەکاتە دوو گەڕەکی ھەولێر، کە ”زۆر زەحمەتە حکوومەت و پارێزگای ھەولێر بتوانن لەو دۆخەدا خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکات“.
حەمزە حامید هەروەها رایگەیاند، کە قەیرانی دارایی تاکە گرفتە لەبەردەم حکوومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەکی 8ـی حەسارۆک، بەڵام بڕیارە پرۆژەی ئاوی ئیفراز 4 تەواو بێت و لەرێگای کۆمپانیایەکەوە بگەیەندرێتە ئەو گەڕەکە و گەرەکەکانی دیکەی شاری هەولێر و بەوهۆیەوە گرفتی ئاویش لەو گەرەکانە چارەسەر دەبێت.
باسنیوز
