کوردستان لە هەڵەبجە خۆپیشاندانێکی جەماوەری بەڕێوەدەچێت
رێبین یار ئەحمەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەڵەبجە رایگەیاند "لەسەر کۆی کێشەکانی بەردەم بە کردەیی بوونی هەڵەبجە وەکو پارێزگا، هەڵەبجەییەکان بڕیارە کاژێر 10:00ی رۆژی یەکشەممە لە بەردەم فولکەی عومەری خاوەر کۆببنەوە و بە خۆپيشاندانێكى جەماوەرى بەرەو باڵەخانەی پارێزگاری هەڵەبجە بچن.
پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە، ئاماژە بەوە دەدات، هەڵەبجەییەکان گلەییان لەوە هەیە دوای دووساڵ لە دەرچوونی بڕیارەکە، هەنگاوێک نەنراوە، تاوەکو ئێستا لە هەڵەبجە ژمارەیەک فەرمانگە پێویستن، بەڵام نەکراونەتەوە.
ئاماژە بەوەش دەکات، لەلایەکی دیکەوە تاوەکو ئێستا کەس نازانێت کێ پارێزگاری هەڵەبجەیە، یەکێتی نیشتمانی کەسێکی بە وەکالەت داناوە بە پارێزگار، بەڵام لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دانی پێدانانرێت، لە وەزارەتی ناوخۆ عەبدوڵڵا نەوڕۆڵی پارێزگارە، لە هەڵەبجەش عەلی عوسمان پارێزگارە و عەبدوڵڵا نەوڕۆڵی دەوام ناکات.
لەڕۆژى 5ى مانگى شوباتى ساڵى 2015، پەرلەمانى كوردستان لە مۆنۆمێنتى هەڵەبجە كۆبووەوە و ياساى ژمارە 1ى بڕيارى بە پارێزگابوونى هەڵەبجەى دەركرد، بەڵام هەڵەبجەيیەكان گلەيان هەيە تاوەكو ئێستا ئەو بڕيارە وەك خۆى جێبەجێنەكراوە و هەڵەبجە بە كردار نەبووەتە پارێزگا.
رووداو
