ئەمڕۆ شەقامی 120 مەتری هەولێر دەکرێتەوە

ئەمڕۆ  شەقامی 120 مەتری هەولێر دەکرێتەوە
رۆژی یەکشەممە 5-2-2017 لە رێورەسمێکدا پرۆژەی شەقامی 120 مەتری هەولێر دەکرێتەوە، کە درێژترین شەقامی هەولێرە و بڕی 450 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی تەرخان کرابوو.

دیزاینی دروستكردنی شەقامی 120 مەتری هەولێر لە ساڵی 2007 تەواوبووە. هیچ پێچكردنەوەیەكی تێدا نییە و، ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ کەمکردنەوەی ترافیکی نێو شاری هەولێر.

پرۆژەی شەقامی 120 مەتری هەولێر. یەكێك لە پرۆژە ستراتیژییەكانی پایتەختی هەرێمی کوردستانە. دەبێتە درێژترین و خێراترین شەقامی هەولێر و، ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ کەمکردنەوەی ترافیکی نێو شار، ئەمڕۆ بە فەرمی پرۆژەکە دەكرێتەوە.

درێژی شەقامەكە 38 كیلومەترە، بە پێی پرۆژەكە بەشێكی زۆری كێشەکانی هاتووچۆی هەولێر چارەسەر دەکات. بەهۆی ئەو شەقامەوە، رێگای سەرەكی هەولێر-كۆیە بە شەقامی سەرەكیی هەولێر-شەقڵاوە گرێ دەدرێت، شەقامەكە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ماوەی ساڵ و نیوێك قیرتاوكردنی وەستابوو، بەڵام كاركردن لە پرۆژەكە دەستی پێكردووەتەوە.

دیزانی دروستكردنی شەقامی 120 مەتری خێرا، لە ساڵی 2007 تەواو بووە، ئۆتۆمبێلەكان دەتوانن بەخێرایی 100مەتر لە كاژێرێكدا بەسەر ئەو شەقامەدا بڕۆن. هیچ یوتێرنێك و پێچكردنەوەیەكی تێدا نییە، گشت پێچكردنەوە و لادانەكان لەرێگەی بەرزە پرد و پردی لادانەوە چارەسەركراون، كە لە ئایندەدا دەبێتە یەكێك لە باشترین شەقامەكانی كوردستان.

نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەم پرۆژەیە بە یەكێك لە پرۆژە ستراتیژییەكانی پایتەختی هەرێمی كوردستان دادەندرێت، گرنگی ئەو پرۆژە لەوەدایە جەنجاڵییەكانی نێو شار دەباتەوە دەرەوەی شار".

شەقامی 120 مەتری هەولێر، بە سێ‌ قۆناخ تەواوكراوە، بەشی چەماوەی شەقامی كەركووك، تاوەکو شەقامی موسڵ كە 11 كیلۆمەترە، بە كۆمپانیای ئیكجلەری توركی درا، دوو بەشە چەماوەكەی دیکەشی، كە یەكێکیان 16 كیلۆمەترە و لە رێگەی موسڵەوە تاوەکو رێگەی سەرەكیی شەقڵاوەیە، لەوێشەوە 11 كیلۆمەترەكەی كۆتایی تاوەکو رێگەی كەركووك بەشی سێیەمە و كۆمپانیای هێمن گرووپ جێبەجێی دەكات.







رووداو
Top