ھۆکاری ڕاگرتنی گەشتەکانی نێوان عێراق و سوید ئاشکرا دەبێت
ئەمڕۆ شەممە 4\2\2017، تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر،ڕای گەیاند: "ھۆکاری ڕاگرتنی گەشتەکانی نێوان (عێراق و سوید) سیاسین“..
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە یەکەمین ڕۆژی ئەم مانگەوە، لەلایەن سویدەوە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دراوە. گوتیشی: ”ئێمە ھەوڵمان دا ھۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارە بزانین، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیمان بە باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا کرد، داوای ڕوونکردنەوەمان لێ کردن، بەڵام ئەوان ڕایان گەیاند کە ناتوانن وەڵامی پرسیارەکانمان بدەنەوە، چونکە ئەو بڕیارە لەلایەن حکوومەتی سویدیەوە دەرکراوە، جگە لەوەی کە حکومەت دەڵێت بەھۆی دۆخی ئەمنیەوەیە ئەو بڕیارەیان دەرکردووە، ناتوانین ھیچی تر بڵێین، سەرەڕای ئەوە ئێمە پێمان ڕاگەیاندن، دۆخی ئەمنی لە ئێستادا جێگیرە، ئەوان ڕوونکردنەوەی زیاتریان نەدا، بۆیە پێمان وایە ھۆکارەکە سیاسییە نەک ئەمنی".
ئاماژەشی بەوە کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فڕۆکەی ھێڵێ (جەرمەنییە) لە ھەولێر بووە، کەچی نەیتوانیوە بۆ سوید بگەڕێتەوە. گوتیشی: ”ڕاگرتنی گەشتەکانی نێوان سوید و عێراق بابەتێکە پەیوەندی بەھەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو لە نێوان عێراق و سوید دایە و بابەتێکی سیاسییە، دەبێت بەغدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکات“.
باسنیوز
