پارێزگاری سلێمانی: ڕێوشوێن لەبەرامبەر مامۆستا ئایینییەکەی سلێمانی دەگرینە بەر
پاش ئەوەی مەلا حەسیب، وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی (مەلا ڕەسول) لە سلێمانی کە هاوکات کادیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانە، لە راپۆرتێکی (بی بی سی فارسی)، ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو کەسانەی بوونەتە پێڕەوی ئایینی زەردەشتی، دەبێت 3 ڕۆژ مۆڵەتیان پێ بدرێت، ئەگەر گەڕانەوە سەر ئایینی ئیسلام ئەوە ”زۆر باشە“، ئەگینا ئەگەر حوکمێکی شەرعی هەبێت، ”دەبێت لەسێدارە بدرێن“. بەو هۆیەشەوە زەردەشتییەکان نیگەرانییان دەربڕی و بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵایان لە دادگا دا.
لە بەرامبەر ئەو قسانەدا، سەردار قادر، لە بری پارێزگاری سلێمانی، ڕایگەیاند: “بەدواداچوونم بۆ ئەو بابەتە کردووە و پەیوەندیم بە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانییەوە کردووە، ئەوان پێیان گوتم کە بەپێی بەندی یاسایی کە پێشتر لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان ئازادن، لە نێو ئەو ئایینانەشدا، ئایینی زەردەشتی”.
ئەوەشی دووپات کردەوە کە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانییەوە، ڕێوشوێن بەرامبەر بەو مامۆستا ئایینییە دەگرنە بەر.
باسنیوز
