ئەڵمانیا بەردەوامیی پشتگیری بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

ئەڵمانیا بەردەوامیی پشتگیری بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە
دوای کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ نێوانیان، "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و "گێت مولەر" وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیا لێدوانی ڕۆژانەوانییان دا و وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەوانییان دایەوە.



سەرەتا سەرۆک وەزیران وێڕای بەخێرھێنانی وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیا بۆ ھەرێمی کوردستان، گوتی: "ئێمە لە دیدارەکەدا بە شێوەیەکی گشتی سوپاسی ئەڵمانیا بەگشتی و بەتایبەتی جەنابی وەزیرمان کرد کە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دەنگی ھەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ھەموو کۆنفرانسەکاندا. سوپاسی ئەو ھاوکارییە مرۆییەشمان کرد کە تا ئێستا پێشکەش کراون، چ بۆ ئەو ئاوارانەی ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، چ بۆ مەسەلەی سەقامگیری لە ناوچەی مووسڵ و ھاوکاریکردنی پێشمەرگە لەڕووی سەربازییەوە، ھەروەھا باسی چۆنیەتیی پەرەپێدانی ئەو ھاوکارییانەمان لە داھاتوودا کرد."



سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ڕاھێنەرانی سەربازیی ئەڵمانی لە ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەرلەمانی ئەڵمانیا و خاتوو کلۆدیا ڕۆس ـ ی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیای کرد بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ھێزەکانیان لە کوردستان و عێراق و ئەوەی بە یارمەتییەکی زۆر گەورە دانا بۆ ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا گوتی؛ "سوپاسی (GIZ)مان کرد بۆ ھەموو ئەو ھاوکارییانەی لە ھەرێمی کوردستان کردوویانە، کارێکی زۆر گەورەیە و جێی پێزانین و سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و گەلی کوردستانە."



گێت مۆلەر، وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیاش گوتی: "جەنابی سەرۆکی حکوومەت، ئێمە سوپاسی ئێوە و گەلی کوردستان دەکەین، لەکاتێکدا لە ڕەوشێکی وا ناخۆشدا ساڵی ڕابردوو یەک ملیۆن و ھەشتسەد ھەزار ئاوارەی دەستی داعش و پەنابەرانی سووریاتان لەخۆ گرتووە و ئەمەش کارێکی زۆر گەورەی مرۆییە و لەوانەیە بوونی ئەو ژمارەیە لە ئاوارە لە بەرامبەر پێنج ملیۆن خەڵکی ناوچەکە لە ئەڵمانیا تەسەور نەکرێت، بەڵام ئێمە ھاتووین بۆ ئەوەی پشتیوانیتان بکەین، یەکێتیی ئەورووپاش بە ھەمان شێوە دەبێ یارمەتیی ھەرێمی کوردستان بدات و ھەریمی کوردستان لەوبارەیەوە تەنیا نییە."



سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەکانی مووسڵیش ئاماژەی بەوە کرد کە "لەوانەیە سەدان ھەزار ئاوارەی دیکەی موسڵ ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە لە کۆبوونەوەی چەند ھەفتەی داھاتووی یەکێتیی ئەورووپا لە برووکسل، دەبێ یەکێتیی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیی ھەرێمی کوردستان بدەن بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی ئاوارەکاندا، بەڵام لە ھەمان کاتدا دەبێ ڕێخۆشکەر بن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ھەماھەنگیی نێوانمان بەردەوام دەبێت لەو بارەیەوە."



ھەروەھا وەک دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان، وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیا گوتی: "لە دڵەوە زۆر سوپاستان دەکەین بۆ ئەوەی لێرە لایەنگری سەقامگیری و مرۆڤایەتین و لەدڵەوە کار دەکەن و خەڵکی وەردەگرن، بۆیە دەمانەوێ لە داھاتووشدا پشتیوانتان بین."



سەبارەت بە ھەڵوێستی ئەڵمانیا دەربارەی کۆچبەرانی بیانی لەو وڵاتە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لەڕووی مرۆییەوە پێمان وایە کارێکی زۆر گرنگە ئەوەی ئەڵمانیا بۆ ئەو پەنابەر و خەڵکە لێقەوماوانە دەیکات کە ڕوو لە وڵاتەکەیان دەکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە یارمەتیدانی ھەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی ڕێگە بگیرێت لە چوونەدەرەوەی خەڵک و بوونیان بە پەنابەر لە وڵاتان."



ھەروەھا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ھەڵوێستی لەسەر ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەربارەی بوونی چەند حاڵەتێکی ئەشکەنجە گوتی: "جەنابی وەزیر ئەو بابەتەی لەگەڵ من باس کرد و منیش جەختم لەوە کردەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک پرەنسیپ دەیەوێ دڵنیا بێت کە ھیچ ئەشکەنجە و کێشەیەک لەوبارەیەوە ڕوونەدات. من ڕەتی ئەوە ناکەمەوە، لەوانەیە ھەندێ تاک حاڵەت ڕووی دابێت، من دڵنیاییم دا بە جەنابی وەزیر کە لەسەر ئەو حاڵەتانە ڕادەوەستین و بە ھیچ شێوەیەک ئەوە سیاسەتی سیستماتیکی ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێت کە ئەولەوییەتی ئێمە مەسەلەی ئاسایشی ئەم وڵاتەیە، ھەندێجار لەوانەیە حاڵەتی وا ڕووبدات، بەڵام جەنابی وەزیرم دڵنیا کردەوە کە بەرنامەیەکی سیستماتیک نییە و بە جددی لەسەری ڕادەوەستین بۆ چارەسەرکردنی، دواتریش لە ڕێی بەڕێز کونسوڵەوە، ئاگاداری بەڕێزیان دەکەینەوە."
payamner-
Top