ئەڵمانیا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا باس لە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان دەکات
لە کۆبوونەوەیەکدا کە "قوباد تاڵەبانی' جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و دەستخۆشییان لە خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستان کرد کە سەرەڕای بارودۆخێکی سەخت، توانیویانە ڕووبەڕووی زۆر کێشەی گەورە ببنەوە وەک ھەڕەشە و ھێرشەکانی تیرۆر و قەیرانی دارایی و باوەشکردنەوە بۆ ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر.
ھەروەھا ئەو ھەماھەنگییە سەربازییەشیان بەرز نرخاند کە بەم دواییە لە نێوان پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عیراقدا لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکرنەوەی مووسڵدا ھەیە و بەردەوامیی ھاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی وڵاتەکەشیان بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ھەوڵیش دەدەن لەو ھاوکارییە مرۆییەی پێشکەش بە عیراقی دەکەن، پشکی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا مولەر ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ ھاوکاری لە بواری ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان نیشان دا بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانی خۆیان بەتایبەتی ئاوارە ئێزدییەکان و لەمبارەیەشەوە ھەماھەنگیی پێویست لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عیراقی فیدرالدا دەکەن و بە پێویستی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکات. جەختی لەوەش کردەوە لە کۆنفرانسی داھاتووی ھاوکاریی مرۆیی کە لە فۆکس دەبەسترێت، ڕەوشی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ڕووەکانەوە دەورووژێنن و پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەمبارەیەوە ئامادەکاریی خۆی بکات.
لای خۆیەوە خاتوو کلۆدیا رۆس جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا سوپاسی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد کە سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، بێ جیاوازی ھاوکاریی ھەموو لایەکیان کردووە و چەند پرسیارێکیشی دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و ھاوکارییەکانی حکوومەتی فیدرال بۆ ھەولێر کرد.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکارییە سەربازی و مرۆیی و پەروەردەییەکانی ئەڵمانیای بۆ ھەرێمی کوردستان کرد. ئاماژەی بەوەش دا کە لەم دواییانە ھاوکارییەکی باشی سەربازی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالدا لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکرنەوەی مووسڵدا ھەیە، بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا کێشەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و بەغدا ھیچ ھاوکارییەکی مرۆیی پێشکەش نەکردووە و تەنیا ژمارەیەک لە سەربازانی بریندار لە سوپای عێراق لە ھەرێمی کوردستان چارەسەرییان بۆ دەکرێت و داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکات.
ھەروەھا سوپاسی وەزیری ھەماھەنگیی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیای کرد کە لە کۆنفرانسی ھاوکاریی مرۆیی لە لەندەن باسی ڕەوشی ھەرێمی کوردستانی کرد و ئەمەش بووە ھۆکار ڕەوشی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا بخرێتە بەر باس و گفتوگۆ و ھیوای خواست لە داھاتووشدا بە ھەمان شێوە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا پاڵپشتی دەنگ و داخوازییەکانی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کێشەکانیان بن، ھەروەھا پوختەیەکی دەربارەی دوا پێشھاتەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکرنەوەی مووسڵ و ڕەوشی ناوچەکە کرد.
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی ئابووری و شەڕی تیرۆرستانی داعش و ڕەوشی ئاوارەکان و بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی سیاسی لەلایەن بەغداوە پێشکەش کرد کە ھۆکاری دروستبوونی ئەو قەیرانەی ئێستا بوو. پێشبینیشی کرد لە ساڵی ٢٠١٧ بارودۆخی ھەرێمی کوردستان باشتر ببێت و ھیوای خواست ئەڵمانیا لەمبارەیەوە ھاوکار بێت تاکو بتوانن بەسەر ئەو قەیرانانەدا زاڵ بن.
payamner -
