بارزانی: یارمەتییە سەربازییەكانی ئیتاڵیا بۆ پێشمەرگە ئەنجامێكی زۆر باشی هەبوو
ماڵپەری سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا رۆبێرتا پینۆتی، سەردانی بەرپرسە باڵاكانی ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستان گرنگ نرخاند و گوتی مانایەكی قووڵی هەیە.
پینۆتی ئێوارەی دوێنێ گەیشتە ھەولێر، پاش ئەوەی لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ كۆ بووەوە.
وەزیری بەرگریی ئیتالیا، كە سەربازانی وڵاتەكەی مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، پێداگری لە سەر رۆڵی وڵاتەكەی لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی داعش و بەردەوامبوونی پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە كرد و بە ستایشكردنی ئازایەتی و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش، ئامانجی سەردانەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی شیكردەوە.
بارودۆخی شاری موسڵ و هەنگاوەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی و رۆڵی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی ھەردوو لا بوو و باسیان لە دواڕۆژی پارێزگای نەینەوا و مەترسییەكانی هزری تایفەگەری لە قۆناغی دوای داعش كرد.
پێداگریشیان لەسەر ئەوە كرد پێویستە دانیشتوانی ناوچە ئازادكراوەكان بە تایبەتی مەسیحی و ئێزییدییەكان بتوانن بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و ڕێوشوێنێكی وا بگیرێتە بەر كە كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە و پێكهاتەكان نەبنە قوربانیی ململانێی مەزهەبی و تایفەگەری.
k24-
