جەدعان عەلی: ئێمە خۆمان رادەستی پەیەدە ناکەین

جەدعان عەلی: ئێمە خۆمان رادەستی پەیەدە ناکەین
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەڵێت: "كاتێك شاندێكی ئەنەكەسە دەچێتە توركیا، پەیەدە ئێمە بە ناپاك ھەژمار دەكات، كەچی لە ئێستادا خۆیان داوا دەكەن توركیا گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات".

(جەدعان عەلی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەیەدە ھەموو كاری بووەتە زوڵمكردن لە ئەنەكەسە و دژایەتیكردنی ئەوان و رێگرییان لێ دەكات ھاتووچۆ بكەن و سەركردە و ئەندامانی دەستگیر دەكات، بۆیە پێویستە پەیەدە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیدا بكات".

(عەلی) گوتیشی: "ئەنەكەسە بەردەوام ئامادەیە بۆ گفتوگۆكردن و چارەكردنی كێشەكان، بەڵام پەیەدە خۆی بە گەورە دەزانێت و ئامادەی گفتوگۆ نییە و باس لەوە دەكەن خۆتان رادەستی ئێمە بكەن و وەرن بۆ ناو ئێمە، ئێمەیش ئەمە بە كارێكی باش نازانین".

ئەو هەروەها زیاتر گوتی، رێككەوتنی یەك و دووی ھەولێر و رێككەوتنی دھۆك ھەیە و ئەو باشترە، لەبەر ئەوەی دواڕێككەوتن بووە و پێویستە جێبەجێ بكرێت، یاخود دەتواندرێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت، بەڵام ئەوان رازی نین.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا راشیگەیاند: "ئەوان خۆیان بە خاوەنی ھێز دەزانن و باس لەوە دەكەن وڵاتان پشتگیریی ئەوان دەكەن وەكو ئێران و رژێمی سووریا، سەبارەت بە ئێمەیش وا باس دەكەن كە دەچینە توركیا گوایە ناپاكین".

دەشڵێت: "ئەوان لەگەڵ كێ گفتوگۆ بكەن پێیان ئاساییە و بەم دواییانە بەیاننامەیەكیان دەركردووە و باس لەوە دەكەن پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا باش بێت و ئێمە ھاوسنوورین و سنوورەكەتان دەپارێزین و شەڕ خزمەتی ئێمە ناكات و داوای گفتوگۆیش لە توركیا دەكەن، بەڵام كاتێك شاندێكی ئێمە بچێتە توركیا، ئێمە بە خائین ھەژمار دەكەن".
kdp-
Top