پارتی پۆستێكی دیكەی دایە یەكگرتووی ئیسلامی

 	 پارتی پۆستێكی دیكەی دایە یەكگرتووی ئیسلامی
- ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك لەبارەی سێ پرسەوە كۆبوونەوەیەكی بەڕێوە برد و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك ده‌ڵێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا پارتی پۆستی بەڕێوەبەرێكی گشتی لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هەردوولا، دا بە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان.

(هوشیار فەریق) سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌، ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك لە بارەی سێ پرسەوە كۆبوونەوەیەكی گرینگی بەڕێوە برد و تێیدا هەرسێ پرسەكە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن پەسەند كران، یەكێك لەو پرسانە پێدانی پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مین لە پارێزگای دهۆك بۆ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ئەویش لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی گوتیشی، پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگا ناوی كاندیدی یەكگرتووی لە ئەنجوومەن پەسەند كردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی مەرجی یاسایی تێدا نەبوو، لە لایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەت كرایەوە، ئەمڕۆ دیسان ناوی سێ كاندیدی یەكگرتووی ئیسلامی لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكەوە بۆ پڕكردنەوەی پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مین پەسەند كرد و، رەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت بۆ پەسەندكردنی یەكێك لەو كاندیدانەی یەكگرتوو.

(هوشیار فەریق) ئاماژەیشی دا، لە لایەنی لیژنەیەكی پێوەندار پڕۆژەیەك بۆ كەمكردنەوەی رۆژەكانی پرسە لە سنووری پارێزگای دهۆك ئامادە كردبوو دوای دانوستان لەبارەی ئەو بارگرانییەی بەهۆی رۆژانی پرسەوە بۆ سەر هاووڵاتیانی هەژار دروست بووە ئەنجوومەنی بڕیاری دا رۆژانی پرسە لە سنووری پارێزگای دهۆك لە سێ رۆژەوە كەم بكرێتەوە بۆ دوو رۆژ، هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار درا لە مانگی شوبات و مانگی ئابدا هەر مانگێك لەو دوو وەرزەدا ببێتە پشووی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك و بۆ ماوەی پازدە رۆژ پشوو دەبێت، بەڵام لیژنەكان لەو ماوەیەدا كاری خۆیان هەردەكەن تەنیا كۆبوونەوەی ئاسایی بەڕێوەناچێت.
kdp-
Top