عەلی عەونی: بە لێكنزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی، كێشەكان چاره‌ دەبن

 	 عەلی عەونی: بە لێكنزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی، كێشەكان چاره‌ دەبن
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەو دەستكەوتانەی بە دەست هاتوونە، هەتا دروستبوونی بەرەی كوردستانی لەسەر دەستی پارتی و یەكێتی بووە، ئه‌وان توانیویان پێكەوە ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن، بە پێچەوانەی ئەوەی كە گۆڕان دەیگوت، ئێمە ژیانی خەڵك خۆشتر دەكەین، كەچی لە جیاتی ئەوەی كل بدەن، كۆرەیان كرد، بۆیە لێكنزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتیی وا دەكات كە لە كێشانە ڕزگار بین.

(عەلی عەونی) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''بێگومان پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان، ئەو دەستكەوتانەی بە دەست هاتوونە، هەتا دروستبوونی بەرەی كوردستانی لەسەر دەستی ئەو دوو حزبە بووە، پاش ئەوەی یەكێتی تووشی كێشەی ناوخۆیی بوو، گۆڕان لێی جیا بوویەوە، (مام جەلال) نەخۆش كەوت، هەموو ئەمانە كاریگەریی خۆیان لەسەر ئەو حزبە هەبوو. هه‌ڵبه‌ت پارتی و یەكێتی پێكەوە توانییان ئاساییش و سه‌قامگیری بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن، بە پێچەوانەی ئەوەی كە گۆڕان دەیگوت، ئێمە ژیانی خەڵك خۆشتر دەكەین، كەچی لە جیاتی ئەوەی كل بدەن، كۆرەیان كرد، چونكە كاتێك ئەوان باسی شەفافی و ئابووریی وڵاتیان دەكرد، ئەو كات ماوەی سەرۆكی هەرێم مابوو، قەیران نەبوو، داعش لە مەیدان نەبوو، هیچ كێشەیەك نەبوو، ئەوان باسی شتی دیكەیان دەكرد؛ خۆی ئێستا هیوایەك گەڕاوەتەوە كە پارتی و یەكێتی جارێكی دیكە لێك نزیك ببنەوە، به‌ڵام یەكێتی پێویستی بە بڕیارێكی بوێرانەیە بۆ ئەوەی خۆی لە دیكتاتۆریەتی گۆڕان دوور بخاته‌وه‌، چونكە لە ماوەی رابردوودا ببووە ئێخسیری دەستی هەندێك كەسی گۆڕان.''

(عه‌ونی) ڕوونی كرده‌وه‌ ''گۆڕان پێی وایە هەر كەسێك وەك ئەوان بیر نەكاتەوە، بە خائین و كرێگرته‌ لە قەڵەمیان دەدا، بۆیە یەكێتی پێویستی بەوە هەیە خۆی لەو شتانە ڕزگار بكات. خۆ گۆڕان بە ئاشكرا دژی سەربەخۆییی كوردستانه‌، بە ئاشكرا ئەوان دەڵێن، با حكوومەتی عێراق حوكمی هەرێم بكات، ئەگەر هەر هیچ نەبێت سلێمانی بكەوێتە ژێر دەستی حكوومەتی عێراق، بۆیە دەبێت یەكێتی شتێكی وا بكات، لەو پارێزگایە جارێكی دیكە كۆنتڕۆڵی سیاسەت بگرێتەوە دەست، چونكه‌ لێكنزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی وا دەكات كە لەو كێشانە ڕزگار بین.''

زۆرێك له‌ سیاسی و چالاكوان و ڕۆشنبیران باوه‌ڕیان وایه‌، په‌كه‌كه‌ سیاسه‌تێكی ناواقعی پێڕۆ ده‌كات و به‌ تایبه‌ت به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بووه‌ به‌ بارێكی قورس، به‌ هۆی هێزه‌ چه‌كداره‌كانییه‌وه‌ كه‌ له‌ زۆر ناوچه‌ی سنووریی باشووری دروستی كردوون، به‌ زۆر له‌ هه‌وڵی خۆسه‌پاندندایه‌.
ئێوه‌ست به‌م پرسه‌ش ئه‌و ئەندامه‌ی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ: ''پەكەكە بەردەوامە لەسەر ڕەفتارە ناشرینەكانی خۆی، لە ناوچە سنوورییەكان زیاتر لە ٤٠٠ گوندی داگیر كردووە و لێ ناگەڕێن خەڵكه‌كەی بۆی بگەڕێتەوە، گوندەكان ئاوەدان ببنەوە، هه‌ڵبه‌ت ئەوە وای كردووە ناو بەناو توركیا بۆردوومانی گوند و ئاواییەكان بكات و له‌ ئاكامدا جووتیار و ڕه‌وه‌ند و خه‌ڵكی گوندەكان شەهید و بریندار ده‌بن. لە شنگال شەڕ دەفرۆشن و خەریكی فیتنە و دووبەرەكینە و لێ ناگەڕێن خەڵك بگەڕێتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بۆیە بەداخەوە پەكەكە بە مێشكێكی داخراو ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە ئەوە شتێكی خراپە و جێگەی قبووڵ نییە.''

(عەونی) زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ دوا و گوتی، ''پەیەدە رۆژئاوای كردە قوربانی، هه‌ر له‌به‌ر ئەوەی شەرعیەت بۆ پەكەكە دروست بكات، دەستی خۆیان لەگەڵ رژێمی سووریا تێكەڵ كردووە، ڕژێمێك كه‌ چارەنووسی بەرەو نەمان دەچێت، بۆیە ئەوە شتێكی زۆر هەڵەیە، ئێستایش وەك بەعس لەو بەشە مامەڵە دەكات و بەردەوام كەسانی دڵسۆز دەستگیر دەكات و دەكوژێت. ڕوونه‌ كه‌ نیوەی رۆژئاوا لەبەر كارە خراپەكانی پەیەدە چۆڵ بووە، ژیان لە رۆژئاوا نەماوە، ئەوەی لەگەڵ ئەوان بێت پشتگیریی لێ دەكەن، ئەوه‌یشی لەگەڵی نەبێت دژی دەوەستنەوە و دەستگیر دەكەن، بۆیە ئەوەی پەیەدە دەكات، رژێمی بەعسیش ئەوەی نەكردووە، چونكە رۆژئاوای پارچە كرد، ڕێگە نادەن لایەنەكانی دیكە لەو بەشە كاری خۆیان بكەن و رۆژئاوا لە دوژمنانی كورد بپارێزن".
kdp-
Top