ئیبراهیم برۆ: چەند ناوچەیەكی ئارام بۆ سووریا دروست ده‌كرێن؛ دیکتاتۆریەتی پەیەدە قەبووڵ ناکرێ

 	 ئیبراهیم برۆ: چەند ناوچەیەكی ئارام بۆ سووریا دروست ده‌كرێن؛ دیکتاتۆریەتی پەیەدە قەبووڵ ناکرێ
سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد-سووریا ئاشكرای كرد، چەند ناوچەیەكی ئارام لە سووریا دروست ده‌كرێن و یەكێك لە ناوچە ئارامەكانیش بۆ كورد دەبێت. دەشڵێ، ئەگەر ناوچەی ئارام بۆ كورد دامەزرا ئەوا دیكتاتۆریەتی پەیەدە قەبووڵ ناکرێ.

(ئیبراهیم برۆ) سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد-سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: ''بەگوێرەی زانیارییەكان و پێشبینییەكانی ئێمە، ئەمەریكا و وڵاتانی پێوەندار بە كەیسی سووریا، چەند ناوچەیەكی ئارام لە سووریا دروست دەكرێن، ناوچە ئارامەكان لە ناوچەیەكی كوردیش پێك دێت، بەڵام هێشتا روون نییە و نازانرێ ئەمەریكا چیی دەخوازێ، بۆیە زۆر وردەكاریمان لەبارەی شوێنی ناوچە ئارامەكان نییە تا بزانین كامانەن ئەو ناوچانەی وەك ناوچەی ئارام دادەمەزرێن. هه‌ڵبه‌ت پلانی ناوچە ئارامەكان ئەوەیە، نابێت رژێمی (بەشار ئەسەد) فڕۆكەكانی بێنێتە ئاسمانی ناوچە ئارامەكان و شەڕ كۆتایی دێت لەو ناوچانەدا.''

(ئیبراهیم برۆ) دەڵێ، ''نیوەی هاووڵاتیان سووریا بە كوردیشەوە، ئاوارەی وڵاتانی دەورووبەر و ئەورووپا بوونە، دامەزراندنی ناوچە ئارامەكان بۆ ئەوەیە گەلی سووریا بگەڕێتەوە شوێنی خۆیان.''

سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد-سووریا ئاماژەی دا، "ئێمە دەخوازین بڕیارێكی نێودەوڵەتی دەربچێت بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئازاد، چونكە هێزگەلێكی سەربازی لە سووریادا هەن و زۆربەشیان هێزی شەرعی نینە و، به‌زر خۆیان سەپاندوو،ە هەر لە هێزەكانی رژێمی (بەشار ئەسەد)ـەوە بگرە تا هێزە كوردییەكان و داعش، بەڵام ئەگەر ناوچەی ئارام بۆ كورد هەبێت هیچ لایەنێك ئەو خۆسەپاندنەی پەیەدە قه‌بووڵ ناكات، ئەوەتا رووسیا پشتیوانی پەیەدە بوو، كه‌چی ئێستا هێدی هێدی رووسیا دەكێشتەوە لە هاوكاری و پشتیوانیكردنی پەیەدە. له‌ولایشه‌وه‌ توركیا مەرجی بۆ داناون، جا بە باوەڕی ئێمە پاشەڕۆژی پەیەدە هەر ئەوەیە کە بێدۆست دەمێننەوە و، بەهیچ شێوەیەك ناكرێت هێزێكی دیكتاتۆری لە رۆژئاوای كوردستان خۆی بسەپێنێ.''
kdp-
Top