عەبدولڕەحمان مستەفا: دەرفەتێكی باش بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە.. پێویستە لایەنەكان یەكهەڵوێست بن
(عەبدولڕەحمان مستەفا)، رایگەیاند: "پێویستە هەموو لایەنەكان یەكهەڵوێست بن، هەرچی كێشەی ناوخۆیی هەیە چارەیان بكەن و پێكەوە دەتوانن هەموو ئامانجەكان بێننە دی، چونكە ناوچەكە بە قۆناغێكی ناسكدا تێدەپەڕێت، دەرفەتێكی زۆر باش بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەكان پێكەوە كار بكەن بۆ ئەوەی كێشە ناوخۆییەكان چارە بكەن، چونكە ئەگەر كێشەكان بەردەوام بن، زیانی دەبێت، هەم بۆ كوردستان هەم بۆ نەتەوەكەمان، جا بۆیە ئەو لێكنزیكبوونەوەیەی ئێستا هەیە، هەنگاوێكی زۆر باشە و پێویستە هەموو لایەنەكان ئەو هەنگاوە بنێن و پێشوازی لێ بكەن، بۆ ئەوەی چارەی كێشەكان بكەن و پێكەوە كار بكەن بۆ نەمانی كێشەكان و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی هەموو ئامانجە نەتەوەییەكان بێننە دی".
(مستەفا) گوتیشی: "هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی ڕزگاری كردوون دەبێت بمێنێتەوە، چونكە ئەو ناوچانەی لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە ڕزگار كراون، ناوچەی كوردستانین و دەكەونە سنووری كوردستان، چونكە بە خوێنی هێزی پێشمەرگە ئازاد كراون، ئێمە تەنیا خاكی خۆمان ئازاد كردووە و نەچووینەتە سەر خاكی هیچ كەسێك، بۆیە هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەك لەو ناوچانە ناكشێتەوە".
KDP
