سیتەیی: بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی بیانووی نەمێنێت، سەنگەرەكانیان لە پێشمەرگە نزیك كراونەتەوە

 سیتەیی: بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی بیانووی نەمێنێت، سەنگەرەكانیان لە پێشمەرگە نزیك كراونەتەوە
فەرماندەی گشتیی حەشدی شەعبی سەردانی شنگالی كردووە و داوای لێبووردنی لە ھێزی پێشمەرگە كردووە، فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگەیش لە شنگال دەڵێت، سەنگەری ھەردوولا لە یەك نزیك كراونەتەوە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بیانوو نەگرن بۆ بۆردوومانی ھێزی پێشمەرگە.

لیوا (ھاشم سیتەیی)، رایگەیاند: "(ھادی عامری) فەرماندەی حەشدی شەعبی ھاتبوو بۆ شنگال و داوای لێبووردنی لە ھێزی پێشمەرگە كردووە و ھەماھەنگییەكیش لە نێوان ھەردوو لا دروست بووە و حەشدی شەعبی سەنگەرەكانی خۆیان لە ھێزی پێشمەرگە نزیك كردووەتەوە بە دووری كەمتر لە یەك (كم) بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بیانوو نەگرن بە ھۆی بوونی داعش سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگە بۆردوومان بكەنەوە".

(سیتەیی) گوتیشی: "ئێمە ھەموو بۆردوومان و شوێنی بۆردوومانی حەشدی شەعبیمان وێنە و ڤیدیۆ گرتووە و پێشانی ئەوانمان داوە، كە جارێك ئەو كارە نەكراوە و چەندین جار ئەو كارەیان كردووە، بۆیە پێمان گوتن نابێت جارێكی دیكە ئەو كارە دووبارەی بكەنەوە".

ئەو فەرماندەیە زیاتر گوتی، بڕیاریش دراوە پەیوەندی لە نێوان بەرپرسە یەكەمەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ھەبێت و زانیاری ئاڵوگۆڕ بكەن، بۆ ئەوەی لێكتێگەییشتن لە نێوانیاندا ھەبێت.

باسی لەوەیش كرد، لە ئێستادا كێشەكە چارە كراوە و دۆخەكەیش ئارام بووەتەوە، ئەگەر ھیچ بیانووی دیكە لە شوێنی دیكە نەگرن.








KDP

Top