دەزگای گشتی کاروباری مین: له ساڵی ٢٠١٦دا زیاتر له ١٠ملیۆن مەتر دووجا زەوی له مین پاک‌کراتەوه

دەزگای گشتی کاروباری مین: له ساڵی ٢٠١٦دا زیاتر له ١٠ملیۆن مەتر دووجا زەوی له مین پاک‌کراتەوه
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا "محەممەد ئەحمەد" سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماری کاروچالاکی ٢٠١٦ی دەزگای مینی راگەیاند و گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ بوونی قەیرانی دارایی قورس کە کاریگەری بەسەر ھەموو جومگەکانی حکومەتی ھەرێمدا ھەبووە، بەڵام دەزگای گشتی کاروباری مین بەردەوام بووە لە پاکسازی کردن لە ناوچە مەترسیدارەکان و پاککردنەوەی بەردەوامی ناوچە پیسبووەکان کە بۆ ئەو مەبەستە لەو ساڵەدا توانراوە ١٠,٥٢٩,٧٧٧مەتر دووجا رووبەری خاکی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی پاک بکەینەوە و دووبارە ھاوڵاتیان بتوانن سوودی لێوەرگرن.



محەممەد ئەحمەد گوتی: تەنھا لەو ناوچانەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە دەستی داعش ئازادی کردۆتەوە توانراوە روبەری ٢,٦٦٠,٥٠٥مەتر دووجا کە سەرجەمی رووبەری پیسبوو بوو بە مین و تەقەمەنی و بۆمبی چێنراوە پاکبکەینەوە.



سەرۆکی دەزگای مین لە بەشێکی تری خستنەڕووی ئاماری ٢٠١٦ی دەزگادا ڕایگەیاند: "رێژەی ھاتنی کۆمپانیاکانی بواری مین بۆ ھەرێمی کوردستان لەچاو ساڵانی رابردوو زیادی کردووە بۆ ٢٥رێکخراو و کۆمپانیای ناوخۆی و نێودەوڵەتی."



ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەنوانیەکەدا "نیازی خالید" بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کارگێڕی و دارایی رایگەیاند: "بەمەبەستی چاکسازی دارایی و کارگێڕی لە دەزگادا لە ساڵی٢٠١٦ توانیومانە زیاتر لە ٢ملیار دینار خەرجی دەزگا کەم بکەینەوە و ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی حکومەت بگەڕێنینەوە."



لای خۆشیوە "عوبێد ئەحمەد" بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەکینیکی رایگەیاند: "بەرکەوتوانی مین و تەقەمەنی لەو ساڵەدا بریتی بووە لە ٤١قوربانی کە ١٦یان گیانیان لەدەست داوە ٢٥کەسیش برینداربوون، نزیکەی ٥هەزار تەقەمەنی بۆمبی چێنراوی داعش لەناوبراون، ژمارەی ئەو کێلگە مینانەی پاکراوەتەوە، ٧٣کێڵگە بوون ھەروەھا لە رێگەی تیمەکانی ھۆشیارکردنەوە توانراوە نزیکەی ٥٠ھەزار کەس لە ھێزەکانی پێشمەرگە و پیاو و ژن و منداڵ و ئاوارە و پەنابەر لە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی ھۆشیار بکرێنەوە."



لە کۆنگرە رۆژنامەوایەکەدا دەزگای گشتی کاروباری مین ماڵپەڕی فەرمی دەزگای گشتی کاروباری مینی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی راگەیاند کە لەمەودوا بۆ ھەر زانیاری و ھەوالێکی تایبەت بە کێشەی مین و تەقەمەنی، رۆژنامەوان و ڕاگەیاندکارەکان دەتوانن سوودی لێببین بەو ناونیشانە: www.maa.gov.krd



PAYAMNER-
Top