ئەنجومەنی وەزیران ڕێز لە قوربانیانی ھێرشی تیرۆرستی ١ی شوبات دەگرێت
لە پەیامێکدا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕایدەگەیەنێت کە "لە ١٣مین ساڵیادی ھێرشی تیرۆرستی یەکی شوبات لە دژی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری ھەولێر، سەری ڕێز بۆ گیانی شەھیدانی ئەم ھێرشە تیرۆرستییە و گشت شەھیدانی کوردستان دادەنوێنین. گەلی کوردستان بە کردەوە سەلماندویەتی کە ھزر و بیری توندڕەوی بە ھەموو شێوەکانی ڕەت دەکاتەوە و لە پێناو بنبڕکردنی تیرۆر خەبات دەکات."
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ھەروەھا ڕایدەگەینێت کە "ئەمڕۆ پێشمەرگەی کوردستان بۆتە سیمبوڵی بەرخودانی لە دژی تیرۆر لە جیھاندا و پێویستە پشتگیری بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێت بۆ ڕێشەکێشکردنی گروپی تیرۆرستی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی و ئەو ئایدیۆلۆژییەی کە بۆتە ھۆی سەرھەڵدانی داعش و گڕوپە ھاوشێوەکانی."
ھەروەھا لە مەراسیمێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە لە پارکی سامی عەبدولرەحمان بەڕێوە چوو، بەڕێز نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێز سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم بە نوێنەرایەتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران تاجی گوڵینەیان لە مۆنیۆمێنتی شەھیدانی یەکی شوبات دانا.
PAYAMNER-
