ئەمەریکا بۆ یەکەمجار زرێپۆشی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات رەوانه کرد
ئاژانسەکانی فرانسپرێس و رۆیتەرز، لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمەریکایی و چەند بەرپرسێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەم هەواڵەیان بڵاو کردۆتەوه.
ناردنی ئەم زرێپۆشانه بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات له حکومەتی دۆناڵد ترامپ شتێکی نوێیه.
به گوتەی رۆیتەرز، ئەم ئەگەره هەیه که هیزەکانی سووریای دیموکرات له سیاسەته ستراتیژییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ترامپ بۆ رووبەڕوو بوونەوەی داعش له سووریا، پیگەیەکی گرینگ بەدەست بێنێت.
ئاژانسەکانی فرانسپرێس و رۆیتەرز لەسەر زاری گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایانگەیاندووه، حکومەتی ترامپ، بەڵێنی زیادکردنی پشتیوانی و یارمەتیی داوه.
سەرچاوەیەکی کورد له هێزەکانی سووریای دیموکرات به رۆیتەرزی راگەیاندووه، قۆناغێکی نوێی هێرش بۆ سەر داعش له ناوەندی سەرکییان له رەققه، بەڕێوەیه. ئەم قۆناغه به ئامانجی بڕینی هەموو رێگەکانی گەیشتن به رەققەیه.
"ئادرین رانکین" گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوه که زرێپۆشەکان بۆ یارمەتیی هێزەکانی سووریای دیموکراته بۆ ئەوەی پارێزبەندییەکی زۆرتریان بەرانبەر بۆمب و تەقەمەنییەکانی داعش هەبێت. رانکین جەختیشی کردەوه، سیاسەتەکانیان نەگۆڕاوه و پێنتاگۆن پشتیوانییەکانی تەنیا له رێگەی ناردنی چەک و مەشق دەبێت.
هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەشێکی زۆری له هێزەکانی کوردی رۆژئاوای کوردستان پێکهاتووه و بەشێکیشی له پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، وەک عەرەب و مەسیحی و ئاشوورییەکان پێکدێت.
PAYAMNER-
