یوكسه‌كداغ: ده‌بێت داود ئۆغلۆ-ش له‌گه‌ڵ من دادگایی بكرێت
یوكسه‌كداغ كه ئه‌مڕۆ له‌و دۆسیه‌یه‌دا له دادگای ئورفا دادگاییكرا وتی "ئه‌گه‌ر من به‌و تۆمه‌ته دادگایی ده‌كرێم ئه‌وكات ده‌بێت ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته‌و راوێژكارانی و سه‌رۆك كۆماریش پێكه‌وه له‌گه‌ڵ من دادگایی بكرێن".
هاوسه‌رۆكی گشتی هه‌ده‌په له زیندانی كاندیراوه له رێگای سیستمی ده‌نگ و ره‌نگ به‌شداری له دانیشتنی دادگا كرد له دۆسیه‌یه‌كدا كه په‌یوه‌سته به وتاره‌كه‌ی كه له به‌رواری 20 ته‌مموزی 2015 له شاری سروچی پارێزگای ئۆرفا پێشكه‌شیكردبوو، به تۆمه‌تی ئه‌ندامبوون و پڕوپاگه‌نده بۆ په‌كه‌كه و یه‌په‌گه.
یوكسه‌كداغ وتی "ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێكی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ كورده‌كان بكرایه ئه‌مڕۆ دۆخی توركیا و سوریا به‌م شێوه‌یه نه‌ده‌بوو، ئه‌و وتانه‌ی كه ئه‌وكات وتم تا ئێستا به راستی ده‌بینم".
وتیشی "ئه‌وكاته حكومه‌ت و یه‌په‌گه و په‌یه‌ده رێككه‌وتنیان ئه‌نجامده‌دا بۆ گواستنه‌وه‌ی مه‌زاری سولیمان شاه كه رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی داعش ببووه‌وه، ئێمه وه‌كو هه‌ده‌په چووینه سه‌رخه‌ت و یه‌په‌گه و په‌یه‌ده له گواستنه‌وه‌ی مه‌زاری سولیمان شاه روڵیان بینی و ئه‌وكات حكومه‌ت به په‌یه‌ده‌ی نه‌ده‌وت تیرۆریست و له ئه‌سته‌نبول پێشوازی له ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده كرا و رێككه‌وتن كرا".
دانیشتنی دادگاییكردنی یوكسه‌كداغ له‌و دۆسیه‌یه بۆ 16 ئادار دواخرا.
له ماوه‌ی سێ مانگدا 26 په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیاوه ده‌ستبه‌سه‌ركراون، ئه‌وه‌ش دوای گۆڕانكاری یاسایی له په‌رله‌مان و په‌سه‌ندكردنی سه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی یاسایی له سه‌ر په‌رله‌مانتاران.
پرۆسه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په له چواری تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوو ده‌ستپێكرد، تاوه‌كو ئێستا 266 په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په ده‌ستبه‌سه‌ركراون كه له‌ناویاندا سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ی تێدایه. له‌ناو ئه‌و 26 په‌رله‌مانتاره 12 یان ده‌ستگیركراون، جگه له‌وه‌ش 13 په‌رله‌مانتاریش به مه‌رجی ئازاد كراون.
له‌یلا بیرلیك په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی شرنا‌خ دوای دوو مانگ له زیندان به بڕیاری دادگا له 4ی ئه‌م مانگه‌دا ئازاد كرا.
هه‌ده‌په خاوه‌نی 59 كورسییه له‌په‌رله‌مانی توركیا، كه 54 یان پارێزبه‌ندیان لێ سه‌نراوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه.
هه‌روه‌ها دادگای توركیا بڕیاری ده‌ستگیركردنی دوو په‌رله‌مانتاری دیكه‌ی ده‌ركردووه كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی توركیان، كه بریتین له فه‌یسه‌ل ساریلدز په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی شرنا‌خ و توغبا هه‌زه‌ر په‌رله‌مانتاری شاری وان.
په‌رله‌مانتارانی زیندانیكراوی هه‌ده‌په پێكهاتوون له (سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ هاوسه‌رۆكانی گشتی هه‌ده‌په و ئیدریس بالوكان و چاغلار ده‌میره‌ل، به‌سیمه كونجا، فه‌رهاد ئه‌نجو، نیهاف ئاكدۆغان، سه‌لما ئیرماك، نورسال ئایدۆغان، گولسه‌ر یلدرم و عه‌بدوللا زێدان).
له دوای 4ی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردووه‌وه تاوه‌كو ئێستا 14 په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په ده‌ستبه‌سه‌ركران و دوای دادگایكردنیان به مه‌رج ئازادكراون، ئه‌وانیش (سڕی سوریا ئونده‌ر و زیا پیر، ئیمام تاشچیه‌ر، عایشه ئاجار باشاران، عه‌لیجان ئونلو، په‌روین بولدان، ئه‌مین ئادیه‌مان، نیعمه‌توللا ئه‌ردۆغموش، ئه‌حمه‌د یلدرم، هودا كایا، مه‌رال دانیش به‌شتاش و ئالتان تان).
XANDAN -
