حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ و پێشمه‌رگه‌ "سه‌نگه‌ری‌ هاوبه‌ش" لێده‌ده‌ن

حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ و پێشمه‌رگه‌
حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ رایگه‌یاند، له‌ باكوری‌ خۆرئاوای‌ قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ر له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌یه‌كگه‌یشتوونه‌ته‌وه‌و "سه‌نگه‌رێكی‌ هاوبه‌شیان" له‌سه‌ر رێگای‌ ته‌له‌عفه‌ر- شه‌نگال لێداوه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌هێرشێكدا هه‌ردوو ناوچه‌ی‌ " عه‌ین ته‌لاوی‌ و گردی‌ سینۆ"و رێگای‌ نێوان ئه‌و دوو ناوچه‌یه‌ی‌ كۆنترۆڵكرد.

به‌پێی پێگه‌ی‌ فه‌رمی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌، ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ توانیان ئه‌و روبه‌ره‌ زه‌ویه‌ی‌ كه‌له‌نێوانیان له‌گه‌ڵ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌دا هه‌بوو، كۆنترۆڵی‌ بكه‌ن و بگه‌نه‌وه‌ به‌و هێزانه‌. جگه‌ له‌وه‌ش سه‌نگه‌رێكی‌ هاوبه‌شیان له‌نزیك گوندی‌ "سینۆ" لێداوه‌ كه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر ئه‌و رێگه‌یه‌ی‌ ده‌گات به‌ قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ر.

لێدانی‌ ئه‌و "سه‌نگه‌ره‌ هاوبه‌شه‌" له‌نێوان حه‌شدو پێشمه‌رگه‌ له‌كاتێكدایه‌، 26ی‌ مانگی‌ رابردوو بەگومانی جموجۆڵی داعش لەناوچەیەكی چۆڵی نێوانیان لەرۆژهەڵاتی شەنگال، هێزەكانی حەشدو پێشمەرگە بەئاراستەی یەكتر تەقەیانكرد، بەڵام هیچ زیانێكی لێ نەكەوتەوە.



عەمید سمێ بۆساڵی، جێگری فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال دوای‌ رووداوه‌كه‌ بە خەندان-ی وتبوو "لەنێوان هێزەكانمان و چەكدارانی حەشدی شەعبیدا رووبەڕووبونەوە رویداوە، بەڵام هۆكارەكەی تەشویشێك بووە كەدروستبووەو گومان كراوە چەكدارانی داعش لەو بۆشاییەی نێوان ئێمەو چەكدارانی حەشدا جموجۆڵ بكەن".

ئاماژەی بەوەشكردبوو، لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو چەكدارانی حەشدی شەعبیدا سێ كیلۆمەتر بۆشایی هەیە كەهیچ هێزێكی لێ نیشتەجێ نییە، حەشدی شەعبی بەگومانی بوونی تەشویش جموجۆڵ بەرەو سەنگەرەكانی بەهاوەن و دۆشكە بۆردومانی دەستپێكردووە، پێشمەرگەش وەڵامی داونەتەوە.



HANDAN -
Top