ئەلجەزیرە: مووسڵاوییەکان حەشی شەعبییان قەبووڵ نییە؛ بە جلی پۆلیسەوە هاتوونەتە نێو مووسڵ

 ئەلجەزیرە: مووسڵاوییەکان حەشی شەعبییان قەبووڵ نییە؛ بە جلی پۆلیسەوە هاتوونەتە نێو مووسڵ
- بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری، دانیشتووانی مووسڵ کە زۆربەیان عەرەبی سوننەن، مەترسیی خۆیان دەربڕیووە لەبارەی بەشداریکردنی چەکدارانی حەشدی شەعبی بۆ نێو شارەکە، لە بەرانبەردا سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی دەڵێت، ئەوان لە ئامادەباشیدان بۆ کونترۆڵکردنەوەی لای ڕاستی شاری مووسڵ.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پرسی بەشداریکردن و نەکردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی مووسڵدا یەکێکە لە پرسەکانی ڕۆژەڤ، چونکە بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان چەکدارانی حەشد چەندین "تاوانی دژی مرۆڤایەتییان لە ناوچەکانی سوننەنشین ئەنجامداوە" بۆیە هاووڵاتیانی مووسڵیش نیگەرانن لە بەشداریکردنی ئەو میلیشایە لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەیاندا.

لەم بارەیەوە، (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لەو چەکدارانە کردووە خۆیان بەدوور بگرن لە چوونە نێو شارەکە، بەڵام ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن کە چەکدارانی حەشدی شەعبی بە جلوبەرگی پۆلیسی عێراقییەوە چوونەتە نێو شارەکە و ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی پاسەوانی نەینەوا بە سەرۆکایەتی (ئەسیل نوجێفی) ڕایدەگەیەنن پاراستنی مووسڵ ئەرکی ئەوانە، چونکە چەکدارەکانیان لە خەڵکی مووسڵ پێکدێن، بەڵام ئەمە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕەتکراوەتەوە.

لە بەرانبەردا بەپێێ هەواڵێکی ماڵپەری فەرمیی حەشدی شەعبی، (ئەحمەد ئەسەدی) گوتەبێژی حەشدی شەعبی، ئامادەیی چەکدارەکانی دەربڕیوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی لای ڕاستی مووسڵ و ئاماژە بەوە دەکات ئەوان ئەو کۆنتڕوڵکردنە بۆ "دوژمن" دەکەن بە سوپرایز. (ئەسەدی) دەڵێت ئەوان تەواوی ئامادەکارییان کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی لای راستی مووسڵ و ئەو بەشداریکردنە کارێکی بنەڕەتی دەبێت، چونکە تواناکانیان لە ئاستێکی بەرزدا.
KDP-
Top