عەدنان کەرکووکی: ده‌بێ خه‌مێك له‌ گەنجانی کەرکووک بخورێت

عەدنان کەرکووکی: ده‌بێ خه‌مێك له‌ گەنجانی کەرکووک بخورێت
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک -گەرمیان دەڵێ، حەشدی شەعبی لیوایەکی لە کەرکووک دروست کردووە و گەنجانیش لەبەر دۆخی داراییی خۆیان لە لیواکە ناونووس کردووە، بۆیە پێویستە رێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە و تا لەجیاتی حەشدی شەعبی پێوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە بکەن.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان (عەدنان کەرکووکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ''زۆر گه‌نج و لاوی کورد ناویان لە لیواکەی حه‌شدی شه‌عبیدا نووسیوه‌، هۆکاره‌كه‌یشی دۆخی داراییانە، هه‌ڵبه‌ته‌ حەشدی شەعبی پارەی هەیە و لە دەرەوەیش پارەیان بۆ دێ و، بەو رێگەوە دەیەوێ خەڵکی بۆخۆی راکێشێت و چەکداریان دەکات.''

(عەدنان کەرکووکی) دەشڵێ، ''ڕاسته‌ كه‌ لە هەرێمی کوردستانیش دۆخێکی سەختی ئابووری هەیە، رێژەی بێکاری زۆرە، به‌ڵام پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لەو گەنجانەی کەرکووک بکات نەچنە ریز حەشدی شەعبییه‌وه‌ و پێوەندی بە هێزی پێشمەرگەوه‌ بکەن، چونکە ئەو گەنجانە تەنیا بۆ مووچە دەبنە حەشدی شەعبی.''

گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی له‌ کەرکووک جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی، ئەو کاتەی تیرۆریستان روویان کردە شاری کەرکووک، بینیمان گەنجان و خەڵکی چۆن بەرگرییان لە کەرکووک کرد، ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌یه‌ كه‌، هۆکارێکی دیکە نییە کە ئەو گەنجانە دەبنە حەشدی شەعبی، هه‌ڵبه‌ته‌ تەنیا بۆ پارەیە، بۆیە پێویستە چارەیەک بدۆزرێتەوە.

(کەرکووکی) ئاماژەیشی دا، (هادی عامری) خۆی سەرپەرشتیی ئەو کارە دەکات و خەڵکێکی وا دەدۆزێتەوە کە رەنگە دژی میللەتی خۆیان بوەستنەوە، بەڵام ئەوەی کە باشە تا ئێستا ئیدارەی پارێزگای کەرکووک رێگەی نەداوە لیواکەی حەشدی شەعبی بارەگا لە نێو کەرکووکدا بکاتەوە، بۆیە ناچار دەچنە خورماتوو.
kdp-
Top