خشتەی نوێی كارەبای نیشتیمانی و مۆلیدە ئەھلییەكان راگەیەندرا

 خشتەی نوێی كارەبای نیشتیمانی و مۆلیدە ئەھلییەكان راگەیەندرا
بەپێی خشتەی نوێی كارەبای نیشتیمانی و مۆلیدە ئەھلییەكان، لەم مانگەدا نزیكەی ١٧سەعات كارەبا بە ھاووڵاتیان دەدرێت، كە بە ھەمان شێوەی مانگی رابردووە و ھیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایەت.

سەرۆكی لیژنەی مۆلیدە ئەھلییەكانی ھەولێر (قارەمان مەولوود)، رایگەیاند: "خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەھلییەكان بە ھاووڵاتیان بۆ مانگی رابردوو بەو شێوەیە بوو كە مۆلیدەكان دوو جۆرن، ئەوانەی باری زۆریان لەسەرە رۆژانە لە سەعات پێنجی ئێوارە بۆ ١٢ـی شەو كارەبای مۆلیدە بە ھاووڵاتیان دەدەن و، ئەوانەی دیكە كە باریان زۆر نییە، بەیانیان سەعات حەوتی بەیانی بۆ ھەشتی بەیانی و ئێوارانیش لە سەعات دووی دوای نیوەڕۆ تاوەكو ١٢ـی شەو، ھەر كاتێكیش كارەبای نیشتیمانی ببڕێت، كارەبای مۆلیدە دەدرێت".

(مەولوود) گوتیشی، ئەوانەی بارزۆرەكان نرخی یەك ئەمپێر ١٠ھەزار دینار و ئەوانەی باركەمەكان بە گوێرەی ڤیدەر حیساب دەكرێت كە ئەوكاتەی كارەبای نیشتیمانی ھەبووە لێی دەبڕدرێت و ئەوەی دیكە لەسەریان حیساب دەكرێت.

دەشڵێ، خشتەی نوێی كارەبای مۆلیدە ئەھلییەكان بۆ ئەم مانگەیش بە ھەمان شێوەی مانگی رابردوو دەبێت.

لای خۆیشیەوە بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبای ھەرێمی كوردستان (ئومێد ئەحمەد)، رایگەیاند: "ئەم مانگەیش بە ھەمان شێوەی مانگی رابردوو رۆژانە نزیكەی ١٠سەعات كارەبای نیشتیمانی بە ھاووڵاتیان دەدرێت و گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، لەبەر ئەوەی گوشارێكی زۆر لەسەر كارەبا ھەیە و خواستی ھاووڵاتیان بۆ كارەبا بە ھۆی سەرماوە زۆرە".

(ئەحمەد) گوتیشی، لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان خاوەنی ٢ هەزار و ٦٠٠مێگاوات كارەبای نیشتیمانییە.









KDP

Top