بارزانی: داھاتووی کورد لە سووریا لە دەستی ئەوانە دەبێت کە نەھجێکی ڕاستیان ھەیە و لە ئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ھەنگاو دەنێن
لە دیدارەکەدا شاندی میوان باسیان لە گفتوگۆ و دانیشتنەکانی ئاستانە لە وڵاتی کازاخستان و ھەڵوێستی لایەنە بەشداربووەکانی ئەو گفتوگۆیانە لەبارەی ئاییندەی سووریا کرد. ڕۆشناییشیان خستەسەر چالاکییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەنجوومەنی کوردی سووریا بۆ بەرگریکردن لە داوا ڕەواکانی گەلی کورد لە سووریا.
ھەروەھا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد لە پشتیوانیکردنی ھێزە ڕەسەن و نیشتیمانپەروەرەکانی کورد لە سووریا و داوایان کرد سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونی و ئامۆژگارییەکانی خۆی لەمەڕ پێشھاتەکانی سووریا و داھاتووی کورد لە سووریا و ناوچەکە بخاتەڕوو.
لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی پێزانینی خۆی بۆ ھەڵوێست و خۆڕاگریی پارتە سیاسییەکانی ناو ئەنجوومەنی کوردی سووریا نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە بڕیار و داھاتووی کورد لە سووریا لە دەستی ئەوانە دەبێت کە نەھجێکی ڕاستیان ھەیە و لە ئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد ھەنگاو دەنێن. ئەوەیشی خستەڕوو کە بە ھەموو توانایەک پاڵپشتی داوا و مافەکانی گەلی کوردە لە سووریا و ھەرێمی کوردستانیش وەک ماڵ و پشتیوانی خوشک و برایانی کورد لە سووریا دەمێنێتەوە.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و ڕوانگەی وڵاتان لەبارەی گەلی کوردستان و پێشمەرگە و ئەگەر و پێشھاتە سیاسییەکانی سووریا پێشکەش کرد.
لە میانەی وتەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لە ھەڕەشەکان ھزری توندڕۆیی و تیرۆر کرد و ئەوەیشی خستەڕوو کە جیھان بۆ تێکشکاندنی تیرۆر و لەناوبردنی ھزری تیرۆر پێویستی بە گەلی کوردستانە. ھەروەھا وێڕای ئاماژەدان بە شەڕی تاییفی ئەوەیشی دووپاتکردەوە کە کوردستان ھەرگیز نابێتە بەشێک لەو شەڕە تاییفییەی کە لە ناوچەکەدا لە ئارادایە و ئەو ململانێیە بووەتە بەڵا بۆ ئاساییشی ناوچەکە و جیھان.
payamner -
