سهرۆك بارزانی: داهاتووی كورد لە سووریا لە دەستی ئەوانە دەبێت كە نەهجێكی ڕاستیان هەیە
ئهمڕۆ سێشەممە 31ـی 1ـی 2017، لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی كوردی سووریا و سكرتێر و نوێنەرانی پارتە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی كوردی سووریا كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان باسیان لە گفتوگۆ و دانیشتنەكانی ئاستانە لە وڵاتی كازاخستان و هەڵوێستی لایەنە بەشداربووەكانی ئەو گفتوگۆیانە لەبارەی ئاییندەی سووریا كرد. ڕۆشناییشیان خستەسەر چالاكییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی ئەنجوومەنی كوردی سووریا بۆ بەرگریكردن لە داوا ڕەواكانی گەلی كورد لە سووریا.
هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كرد لە پشتیوانیكردنی هێزە ڕەسەن و نیشتیمانپەروەرەكانی كورد لە سووریا و داوایان كرد (سەرۆك بارزانی) بەرچاوڕوونی و ئامۆژگارییەكانی خۆی لەمەڕ پێشهاتەكانی سووریا و داهاتووی كورد لە سووریا و ناوچەكە بخاتەڕوو.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێست و خۆڕاگریی پارتە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی كوردی سووریا نیشان دا و جەختی كردەوە، بڕیار و داهاتووی كورد لە سووریا لە دەستی ئەوانە دەبێت كە نەهجێكی ڕاستیان هەیە و، لە ئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلی كورد هەنگاو دەنێن. ئەوەیشی خستەڕوو كە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی داوا و مافەكانی گەلی كوردە لە سووریا و هەرێمی كوردستانیش وەك ماڵ و پشتیوانی خوشك و برایانی كورد لە سووریا دەمێنێتەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) وتەیەكی لەبارەی سەربەخۆییی كوردستان و بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و ڕوانگای وڵاتان لەبارەی گەلی كوردستان و پێشمەرگە و ئەگەر و پێشهاتە سیاسییەكانی سووریا پێشكەش كرد.
لە میانەی وتەكەیدا (سەرۆك بارزانی) باسی لە هەڕەشەكان هزری توندڕۆیی و تیرۆر كرد و ئەوەیشی خستەڕوو، كە جیهان بۆ تێكشكاندنی تیرۆر و لەناوبردنی هزری تیرۆر پێویستی بە گەلی كوردستانە.
هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە شەڕی تاییفی، دووپاتی كردەوە، كە كوردستان هەرگیز نابێتە بەشێك لەو شەڕە تاییفییەی كە لە ناوچەكەدا لە ئارادایە و ئەو ململانێیە بووەتە بەڵا بۆ ئاساییشی ناوچەكە و جیهان.
KDP
