محەممەد خورشید: هەر خێزانێكی كوردی ئاوارەی كەركووك خانوویەكی لەسەر تاپۆ دەكرێت
دكتۆر (محەممەد خورشید)، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_ گەرمیانی پارتی، رایگەیاند: "كۆبوونەوەیەك لە نێوان پارێزگار و لایەنە سیاسییەكانی كورد لە شاری كەركووك بەڕێوە چووە، لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەشدار بووە و دانوستان لەبارەی پرسی زەوییەكانی ئاوارە گەڕاوەكانی كەركووك كرا، چونكە بەپێی ماددەی 140 بڕیار بوو هەر ئاوارەیەكی كورد بگەڕێتەوە بۆ شاری كەركووك، پارچەزەوییەكی 200 مەتریی پێ بدرێت، ئەوەش جێبەجێ نەكراوە، لەبەر ئەوە پێشنیازێك كراوە، هەر خێزانێكی ئاوارە گەڕابێتەوە و خانوویەكی بێ تاپۆی هەبێت، بخرێتە چوارچێوەی ماددەی 140 و خانووەكەی لەسەر تاپۆ بكرێت".
بەرپرسەكەی پارتی لە كەركووك گوتیشی: "تاپۆكردنی خانوو لەسەر ئاوارەكانی كەركووك بەخشینە، لەبەر ئەوەی مافی خۆیانە و پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوونە، ئەم پرسەیش لە ئەنجوومەنی پارێزگا لەلایەن لیستی برایەتییەوە پێشنیاز دەكرێت و دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە".
(خورشید) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "لەبارەی پرسی كارتی نیشتیمانییەوە، پارێزگار و لیستی برایەتی پێكەوە كۆ بوونەتەوە سەبارەت بەو كارتە نیشتیمانییەی عێراق چاپی دەكات، چونكە لەبری ناوی پارێزگای كەركووك، لەسەری نووسراوە تەئمیم، چونكە لە ساڵی 2003 بڕیار دراوە بۆ نەهێشتنی تەئیمیم بۆ بەكارهێنانی پارێزگای كەركووك و لایەنە كوردییەكان لە كەركووك رازی نین بەو رەفتارەی عێراق و، نابێت بە پارێزگای كەركووك بگۆترێت تەئیمیم، بۆیە پێویستە ئەو ناوە لەسەر كارتی نیشتیمانی نەمێنێت و بنووسرێت كەركووك".
KDP
