30 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی تێپەڕی

 30 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی تێپەڕی
رۆژی 31-1-2017، 30 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، کوڕی مەلا مستەفا بارزانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕی.

ئیدریس بارزانی، لە سەردەمی شۆڕشی سێیەمی بارزان لەدایکبووە. کاتێک کۆماری کوردستان لە مەهاباد دەڕووخێنرێ، مەلا مستەفا روو لە یەکێتی سۆڤیەت دەکات، بەڵام ئیدریس بارزانی، کە ئەوکات تەمەنی تەنیا سێ ساڵ بوو، لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لەلایەن رژێمی ئەوکاتەی عێراق دەگوازرێنەوە باشووری عێراق و لە کۆمەڵگە زۆرەملێکاندا نیشتەجێ دەکرێن.

دوای ئەوە، ئیدریس بارزانی لە بەغدا دەست بەخوێندن دەکات، تاوەکو مەلا مستەفا لە ساڵی 1958 دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان، پاشان دەگەڕێتەوە لای باوکی. هاوڕێکانی ئیدریس بارزانی، کە پێکەوە لە شاخ پێشمەرگەبوون باس لەوە دەکەن، ئیدریس بارزانی کەسێکی سادە بووە و، لەگەڵ پێشمەرگەکان لە سەنگەرەکان وەستاوە.

کاتێک شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 بەرپابوو، ئیدریس بارزانی رۆڵێکی سەرەکی تێدا بینی، بەتایبەت لە شەڕی هەندرێن، تاوەکو سەرکردایەتی ئەیلوول لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتنە رێککەوتن و رێککەوتننامەی 11ـی ئازار واژۆکرا.

لەدوای شۆڕی ئەیلوول، هەوڵی زۆر درا بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی، بەڵام بەهۆی ملمڵانێ ناوخۆییەکان سەری نەگرت. چەند ساڵێک پێش کۆچی دواییکردنیشی، ئیدریس بارزانی دەستپێشخەری کرد بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستان، لە نێوان حیزبەکانی باشووری کوردستان.

رۆژی 31/1/1987، کاژێر 06:00ـی بەیانی، ئیدریس بارزانی لە گوندی سیڵڤانا، کە سەر بە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە ماڵئاوایی لە ژیان کرد و، لە گۆڕستانی شاری شنۆ، لە تەنیشت مەلا مستەفای باوکی نێژرا، دوای راپەڕینی 1991، لەسەر داوای سەرکردایەتی پارتی، تەرمی مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانی گەڕێندرایەوە باشووری کوردستان و لە گوندی بارزان بەخاک سپێردرانەوە.





روداو
Top