نوێنەری مەسیحییەکان: دەمانەوێ سه‌ر به‌ هەرێمی كوردستان بین

 	 نوێنەری مەسیحییەکان: دەمانەوێ سه‌ر به‌ هەرێمی كوردستان بین
بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، مەسیحییەکان لەگەڵ ئەوەدان کە ناوچەکانیان بکرێ بە پارێزگا و لە ژێر دەستەڵاتی هەرێمی کوردستاندا ئیدارەبدرێ نەوەک لەگەڵ عێراقدا بمێننەوە.

بەرێوبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (خالد جەمال) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی رزگارکردنی مووسڵ تا ئێستا نۆ ھاوڵاتی مەسیحی لەدەستی داعش رزگارکراون کە ئەمانە لەکاتی ھاتنی داعش لە سنووری مووسڵدا مابوون و نەیانتوانی بوو رابکەن و لە ماوەی رابردوودا توانراوە رزگار بکرێن.

(خالد جەمال) دەشڵێ، ناوچەی مەسیحینشین لە سنووری مووسڵدا زۆرینەی تێکدراون و خاپوور کراون، بۆیە مەسیحییەکان بۆ گەڕانەوەیان مەرجی خۆیان هەیە و دەیانەوێ ئەو ناوچانی کە پێشووتر لێی نیشتەجێبوون لە سنووری مووسڵدا بکرێ بە پارێزگا و لێی پارێزراو بن و خۆیان بڕیار له‌ ئیدارەی ناوچەکانیان بدەن.

ئه‌و نوێنه‌ره‌ی مه‌سیحیان ئاماژە به‌وه‌ی كه‌ خەڵکی مەسیحی بەڵگەی زۆریان لایە لەکاتی ئازادکردنی ناوچەکانیان ماڵەکانیان تاڵان کراوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە هێزە عێراقییەکان ئازای کردوون وەک ناوچەکانی بەرتلە و ئەلقووش، بەڵام ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی داعشدا بوون وەک باشیک و ناوچەکانی دیکە هیچ دەستکارییان نەکراوه‌، چونکە پێشمەرگە پارێزگاری لێ کردوون، هاوكات جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ''مەسیحییەکان لەگەڵ ئەوەدان کە ناوچەکانیان لە ژێر دەستەڵاتی هەرێمی کوردستاندابێ نەوەک لەگەڵ عێراقدا بمێننەوە، چونکە ئەزموونی زۆریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و هەست بە ئارامی دەکەن.''
kdp-
Top