زێباری: ئەو منداڵانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە تیرۆر دەستگیرکراون بە بڕیارى دادوەر رادەگیرێن بەپێى یاسا

زێباری: ئەو منداڵانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە تیرۆر دەستگیرکراون بە بڕیارى دادوەر رادەگیرێن بەپێى یاسا
دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان و ئاوارە بوون سەدان هەزار کەسی ناوچە جیاجیاکانی عێراق و پەنابردنیان بۆ هەرێمی کوردستان بەمەبەستی رزگار بوونیان لە دەست تیرۆریستان داعش، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێوشوێنێکی ئەمنی گرتۆتە بەر بۆ پاراستنی گیانی ئەو ئاوارە و راگوێزراوانە و ئاسایشی شارەکانی هەرێم، بەڵام رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتی جۆراوجۆر سەبارەت بە مامەڵەی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە منداڵانەوە هەیە و تۆمەتی بێ بنەما دەخەنە پاڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم.
لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: بەپێى یاساى ژمارە ١٤ى ساڵى 2001 ى پەرلەمانى کوردستان تەمەنى یاسایى بۆ سەپاندنى سزا (١١) ساڵە و سووکترین سزادانیش بۆ ئەو منداڵانە (هۆشداریدانە) بۆ سەرپێچیەکان واتا کە سەرپێچى بکرێت هۆشدارى پێدەدرێت ئەگەر تاوانەکە نەکەوێتە چوارچێوەى تیرۆر، و قورسترین سزاش سپاردنە بۆ ماوەى 5 ساڵ بە قوتابخانەیەکى پێگەیاندن. بەڵام ئەگەر تاوانەکە بکەوێتە چوارچێوەى تیرۆر لە هیچ حاڵەتێک سزاکە لە پێنج ساڵ کەمتر نییە و لە پازدە ساڵیش زیاتر نییە ئەوەش بە پشتبەستن بە ماددەى (٧٧) بڕگەى دووەمی یاساکە کە دەڵێت: لەو تاوانانەى کە سزاکەیان لە سێدارەدان یان زیندانى هەتاهەتاییە، بۆ نەوجەوانان سزاکەى زیندانیکردن لە پێنج ساڵ کەمتر نییەو لە پازدە ساڵیش زیاتر نییە، هەروەها لەسێدارەدانى منداڵان لەم یاسایەدا ڕێگەپێدراو نییە، بەڵام لە هەندێ حاڵەتیشدا نیازى پەیوەندیکردن بە گروپێکى چەکدارى تیرۆریستى هەبێت کە بەپێى یاسا پێى دەگوترێت (شروع) بەڵام کە کۆتایى و ئەنجامى نەبووە ئەوا لێرەدا سزاکە بەپێى تەقدیرى دادوەر دەبێت، بەم جۆرە سزاى لە سێدارەدانیش لەسەر نەوجەوانان جێبەجێ ناکرێت.
زێباری ئەوەشی راگەیاند: دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەر کردنی کەیسی ئەو منداڵانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە تیرۆر دەستگیرکراون، بەپێی یاساى ژمارە ١٤ى ساڵى 2001 ى پەرلەمانى کوردستان ساڵى 2016 لە دادگاى هەولێر نزیکەى (٢٢) دۆسیەى تایبەت بە کەیسى نەوجەوانانى چەکدار یان پەیوەندی کردن بە داعشەوە هەبووە و لەوانە (١١) کەیس یەکلا بووەتەوەو ئەوانى دیکەش لە ژێر لێکۆڵینەوەو پڕۆسەى دادگایکردندان و دوا ناخرێن، بەڵام ئەوانەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیرکراون و کەیسەکانیان یەکلابۆتەوە و سزا دراون چواردە کەس بوون سزاکانیشیان لە نێوان یەک ساڵ بۆ پێنج ساڵ دەبێت و هەشت کەسیش ئازادکراون، (١٠) کەیسیش یەکلانەکراونەتەوە، هەروەها بە پشت بەستن بە ماددەى (٤٩) یاساى پاراستنى نەوجەوانان دادوەرى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانى نەوجەوانان تایبەتە بە بینینى ئەو داوایانە و لە کاتى نەبوونى دادوەرى لێکۆڵینەوەى نەوجەوانان، ئەوە هەر دادوەرێکى لێکۆڵینەوە ئەو داوایە دەبینێت و لە کاتى نەبوونى دادوەرى لێکۆڵینەوەش لێکۆڵەرەوەى دادوەرى ئەو کارە دەکات و لە هەموو حاڵەتەکان دەستگیرکراوەکە دچێتە بەردەم دادوەر.
سەبارەت بە مامەڵەکردنی دەزگا پەیوەندیدارەکان لەگەڵ ئەم کەیسانە سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وتی: هەرکەسێک دەستگیر دەکرێت نەوجەوان بێت یان تەمەنى تەواو بێت بە بڕیارى دادوەر رادەگیرێت بەپێى ماددەى یاسایى تایبەت بە تاوانى خۆى و بە هیچ شێوەیەک ئەشکەنجە نادرێت یان مامەڵەى نامرۆڤانەى لەگەڵ ناکرێت وەک گشت زیندانییەک مافى خۆى هەیە بۆ نموونە هەفتانە دوو رۆژ رێکخراوى خاچى سوورى نێودەوڵەتى (صليب احمر) سەردانى گشت بەندکراوەکان دەکات.
هەروەها هەر بەندکراوێک دەتوانێت هەر داواکاریەکى هەبێت بەرزى بکاتەوە لە رێگاى ئیدارەى بەندیخانە یان داواکارى گشتى یان لە رێگاى کەسوکارى کاتێک سەردانى دەکەن یان لە رێگاى رێکخراوەکانى تایبەت بە مافى زیندانیان وەک رێکخراوى خاچى سوورى نێودەوڵەتى، لەلایەکی دیکەوە هەر منداڵیك بە هەر هۆكارێك بەبێ دایك و باوك بێتە هەرێمی كوردستان وەكو پێشووتر ئەو حاڵەتانە زۆر بووە، بەڵام زۆر بەباشی لە لایەن بەڕێوەبەرانی كەمپەكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی ونێودەوڵەتییەكانەوە مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و هەوڵدراوە ئەو كەسانە سوودمەند بكرێن لە سیستەمەكانی (فێركردنی خوێندن و پاراستنی كۆمەڵایەتی و فێركردنی كاری دەستی ). لە كاتی هاتنی ئاوارەکان مامەڵەی تایبەت لەگەڵ منداڵی بێ سەرپەرشتیار دەكرێت و شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان دەكرێت.
لە کۆتاییدا د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکەن سەبارەت بە پاراستن و پابەند بوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی لە بارەی پاراستنی منداڵانەوە بۆ ئەم مەبەستەش ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و روویان لە هەرێمی کوردستان و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تاوانبار و گرنگییەکی تایبەتییان پێدەدرێت ئەم پرۆسەیەش بە هەماهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە ناحکومییە بیانییەکان ئەنجام دەدرێت، لایەنە ئەمنییەکان پابەندن کە زانیاری بدەنە خانەوادەی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن.














ZNA
Top